بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری ناشیوناڵ ئینترست-ی ئەمریكایی، ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرقاڵبوونی جیهان بە جەنگ لە ئۆكراینا بەكاردەهێنێت، تا بەردەوام بێت لە دەستوەردانی لە سوریا و ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە دەستوەردانەكە بە ڕەتكراوە و نائاكاریی دادەنرێت.
لە ڕاپرۆتەكەدا هاتووە”لەگەڵ ئەوەی جیهان سەرقاڵی جەنگی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا و تەنگژەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و چینە سەبارەت بە تایوان، پرۆژە ئەمریكاییەكان بەدوور لە چاوی میدیاكان بەردەوامن و بوونی سەربازی ئەمریكایی لە سوریا بەردەوامە، هەرچەندە دەستوەردانەكە لەسەر بنەمای دەستوری و ئاكاریی و ستراتیژی ڕەتدەكرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا كارەكە لەلایەن هەردوو حزبی ئەمریكاوە لە كۆنگرێس و دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایی پشتیوانی لێدەكرێت”.
گۆڤاری ناشیوناڵ ئینترست نوسویەتی”ئەو كارە هیچ بیانوویەكی نييە، بوونی هێزی داگیركاریی ئەمریكایی لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بەڕێكەوت نەبووە، بەو پێیەی تاكە ناوچەیە لە وڵاتەكەدا كە یەدەگێكی گەورەی نەوتی تێیدایە، ئەمەش گومانێكی ڕوون لەبارەی خواستەكانی ئەمریكاوە دێنێتەئارا، ئەوانەی لەو ناوچەیەدا یارمەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەدەن، هێزەكانی سوریای دیموكراتن”.
ڕاپۆرتەكە دەڵێت”هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر كوردەكان لەو ناوچەیەدا، جێگەی پرسیار و گلەیی و گازندەی پنتاگۆنە، بەو پێیەی ڕەنگە ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر ئەو هێزانە دروستبكەن”.
گۆڤارە ئەمریكاییەكە پێیوایە”بەردەوامبوونی واشنتن لە پشتگیریی گروپە شەڕكەرەكان لە سوریا بە بیانووی بەگژداچوونەوەی ڕژێمی وڵاتەكە لەئێستادا ئاشكرایە، بەو پێیەی زۆرێك لەو گروپانە سەلەفی تیرۆریستن و هەندێكیشیان لەژێرەوە سەر بە قاعیدە یان داعشن”.
“سوریا بەر لە دەستوەردانی ئەمریكایی و كەنداو، وڵاتێكی خاوەن سەروەریی بوو، ئەندام بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان بێ شەرمانە هێزەكانی لە وڵاتەكەدا بڵاوەپێكرد بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی دانپێدانراو، وێڕای بەیاننامە فەرمییەكانیش كە باس لە بوونی تەنیا 500 سەربازی ئەمریكایی دەكەن لە سوریا، بەڵگەكان ئاماژە بە زۆربوونى ژمارەی ئەو هێزانە دەكەن كە لەنێوان 2 هەزار بۆ 4 هەزار سەربازدابن”، ئەمەش لە ڕاپۆرتەكەی گۆڤاری ناشیوناڵ ئینترست ئاماژەی پێكراوە.