وەك پێشتر (خەڵك) بڵاویكردەوە، كە بەهۆی بایكۆتی لیستی توركمان و عەرەب، نیسابی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك تەواو نابێت، سەرۆكی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە ناكرێت و هەڵدەگیرێت.
كەمێك لەمەوبەر لیستەكانی یەكێتی و پارتی و مەسیحی چوونە ناو هۆڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، پەروین فاتح وەك بەتەمەترین ئەندام سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد و ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە هەڵدەگرن بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاساییەوە.
دواتر ڕێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پابەندی بانگەوازەكەی پارێزگاری بەوەكالەت بوون بۆ كۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لیستی توركمان و عەرەب كۆبوونەوەكە دواخرا.
ڕاشیگەیاند، كەركوك شاری پێكەوەژیانە و هەلێكی دیكە دەدەین بەو لیستانە تاوەكو لەسەر بنەمای تەوافوق ڕێكبكەوین و لە داهاتوودا ئەنجوومەن كۆببێتەوە.