لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە وەك دواین وادەی یاسایی بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستی پێكرد و لە بەشێكی زۆریان سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكانیان هەڵبژێردران و لە بەشێكیشیان هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە و ناكۆكی هەیە بەتایبەتیش لە كەركوك.
سەرچاوەیەك لە شاری كەركوك بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێنەكردووە، چونكە هەریەكە لە لیستی توركمان و عەرەب بایكۆتیان كردووە، كە 8 كورسیان هەیە و بەوەش نیسابی یاسایی بۆ كۆبوونەوە تەواو نابێت و داوای پۆستە باڵاكان دەكەن.
سەرچاوەكە وتیشی، “لیستی یەكێتی و پارتی و مەسیحی لە كۆبوونەوەدان، كە یەكێتی 5 كورسی و پارتی 2 كورسی و مەسیحی 1 كورسیان هەیە و دەیانەوێت كۆبوونەوە دەستپێبكەن، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی نیساب تا ئێستا كۆبوونەوە نەكراوە”.
هاوكات، هەر ئەمڕۆ لە بەشێكی زۆری پارێزگاكانی دیكەی عێراق كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراوە و سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژێردران.
لە موسڵ-یش كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێكردووە و سەرجەم لیستەكان ئامادەن و بەپێی زانیارییەكان، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەدرێت بە (ئەحمەد حاصود) و جێگریشی (محەمەد عەبدوڵا جبوری) هەڵبژێردرا، هاوكات پارێزگاری شارەكە دوای هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی لە كورد (پارتی) دەبێت و یەکێکی دیكەیان بۆ سوننە دەبێت.
لە پارێزگای دیالە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ماوەی دوو كاتژمێرە دەستی پێكردووە و لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجوومەن هیچ كام لە كاندیدەكان زۆرینەی ڕەهایان نەهێنا، بەو پێیەی كاندید یەكێك لە كاندیدەكان 7 دەنگ و ئەوی دیكەیان 8 دەنگی هێنا، كە دەبوو 9 دەنگی بهێنا، بۆیە خوولی دووەمی دەنگدان دەكرێت بۆ هەڵبژاردن و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنیش لە كورد دەبێت.