بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە كەشناسییەكان و پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، نزمە پاڵەپەستۆیەك ناوچەكانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە و لە سبەینێوە باران بارین چەند ناوچەیەك دەگرێتەوە بەتایبەت ناوچەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم و كەمتر شارەكان دەگرێتەوە.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەین نیوەڕۆی سبەینێ پێنج شەممه بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای سوور بەشێوەی لاواز کاریگەری دەربکەوێت لەبەشێکی ناوچەکانی کوردستان و باران بەشێوەی پچڕ پچڕ ببارێت لەنێوان لاواز بۆ مامناوەند.
ڕاشیگەیاند، چەقی کاریگەری شەپۆلەکه لە باشووری خۆرهەڵاتی عێراق و خۆرهەڵاتی گەرمیان دەبێت و ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ باش هەیە، بەڵام ناوچەکانی سنووری پارێزکای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجه و دهۆک و هەولێر ئەگەری بارانی زۆر لاوازە و تەنیا هەور و خۆرە هەندێک جار نمە بارانی کەم دەبارێت.
وتیشی، “شەپۆلەکە بەگشتی زیاتر لەسەر گەرمیان و خوارووی عێراقە، ئەویش هەندێک شوێنی زۆر بەکەمی باران دەبارێت و ئێوارەی شەممە کۆتایی بەو بارودۆخە دێت”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 4 پله نزم دەبنەوە و خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 12 کیلۆمەتر دەبێت لە كاتژمێرێكدا و ڕێژەکەی لەنێوان 0.5 بۆ 5 ملم دەبێت لەناوچەکانی کوردستان.