دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی هاووڵاتییەک، کە لە ئۆنلاین شامپۆی کڕیوە و تووشی زیان بووە پۆلیسی سلێمانی فرۆشیاری شامپۆکەی دەستگیرکرد.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەلایەن كەسێكەوە شامپۆی پێ فرۆشراوە و دوای بەكارهێنانی بارودۆخی تەندروستی و تێكچووە، سکاڵای لەسەر فرۆشیارەکە تۆمارکرد، و توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شارەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت .
ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار ( م،ك،ح ناسراو بە ح ،س لەدایكبووی 1992 ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 416 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بەردەوامە .
شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەک لەبەردەم کامێراکاندا ڕایگەیاند، دوای بەکارهێنانی شامپۆیەک، کە بەشێوەی ئۆنلاین کڕیویەتی تەندروستی تێکچووە و چەندین نیشانەی هەستیار لە سەر و ڕوخساریدا دەرکەوتووە، هاوکات لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بەدواداجوون کراوە، و ئەمڕۆ فرۆشیاری ئەو شامپۆیە دەستگیرکرا.