كۆشكی سپی پێیوایە هێرشەكانی شەوی ڕابردوو سەركەوتوو بوون و ڕایگەیاند، پێشتر حكومەتی عێراقیان ئاگاداركردووەتەوە.
جۆن كێربی، رێكخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەكان لە كۆشكی سپی ڕایگەیاند، هێرشەكانی شەوی ڕابردوو لە سێ ناوچەی جیاوازی عێراق و چوار ناوچەی سوریا ئەنجامدراون و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تاوتوێی ئەنجامەكانی دەكات.
ئاماژەی بەوەکرد، باوەڕمان وایە هێرشەکان سەركەوتوو بووبن، ژمارەی كوژراو و بریندارانی میلیشیاكان نازانین، هێرشەكان ئێستا دەستیان پێكردووە، كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامیش دەبێت.
جۆن كێربی ڕوونیشیكردەوە، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكانی حكومەتی عێراقیان ئاگاداركردووەتەوە.
هێرشەكان لەناو عێراق ناوچەی قائیم-ی سەر بە پارێزگای ئەنباری گرتەوە و بەپێی میدیا عێراقییەكان كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێكی فەرمی بڵاونەكراوەتەوە.