وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق وەرزی قەدەغە كردنی ڕاوە ماسی دیاری دەكات و جەختیش دەكاتەوە، هەر كەسێك سەرپێچی بكات سزای یاسایی دەدرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە گشتاندنێكدا، بۆ سەرجەم ناوچەكانی (باشوور و ناوەڕاست و باكوور)ی عێراق، وەرزی قەدەغە كردنی ڕاوە ماسی دیاری كردووە، كە لە 15ی 2 (شوبات) دەستپێدەكات و لە 1ی 7 (تەمموز) كۆتایی دێت، كە ماوەی قەدەغە كردنەكە بەپێی ناوچەكان جیاوازە.
وەك لە گشتاندنەكەدا ئاماژەی پێكردووە، بڕیاری قەدەكردنی ڕاوە ماسی و هەروەها فرۆشتن و ئاڵوگۆڕكردنی لەنێوان پارێزگاكان بەهۆی ئەوەوەیە، كە وەرزی گەرایە و لەپێناوی پارێزگاری كردنە لە سامانی ماسی و زیادبوونی بڕی بەرهەمەكەیەتی، بەڵام دەشڵێت: “بڕیاری قەدەغە كردنەكە ماسی كێڵگەكانی ماسی ناگرێتەوە، كە لە جۆرەكانی (كارب)ن”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ناوچەكانی باشوور (بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، قادسیە، نەجەف) قەدەغەی ڕاوەماسی لە 15ی 2 بۆ 15ی 4 دەبێت و لە ناوچەكانی ناوەڕاست (بەغدا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار، بابل، كەربەلا، واست) لە ماوەی نێوان 1ی 3 بۆ 1ی 5 دەبێت و لە ناوچەكانی باكوور (كەركوك، نەینەوا) قەدەغە لە ماوەی نێوان 1ی 4 بۆ 1ی 7 دەبێت.