نزیكەی دوو مانگ تێپەڕی بەسەر لابرندی حەلبوسی لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا بەهۆی ناكۆكی سیاسییەوە كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری نەكراوە، كە پشكی سنوننەیە و پەرلەمانتارێكی نزیك لە مالكی سێ سیناریۆ بۆ یەكلایی كردنەوەی ئاشكرادەكات.
فیراس مسلماوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێككەوتوون لەسەر چەند خاڵێك، كە یەكێكیان بریتییە لە خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان.
ڕاشیگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت گرنگی بدرێت بە پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان دوای دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەتایبەت لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات، كە بێ خزمەتگوزارین و هاوكات لیژنەیەكی یەكگرتوو لە سەرجەم پارێزگاكان پێكبهێنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی پەرلەمان بەتایبەت بۆ تەرخان كردنی بودجە و دەركردنی چەند یاسایەك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان.
ئاشكراشی كردووە، پەرلەمان بەردەوامە لە كارەكانی و خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاساكان دەكات و پەسەندیان دەكات، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمان كارەكانی ڕاگرتووە و نەیهێشتووە هەڵنەبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ببێتە هۆی وەستانی كارەكانی پەرلەمان.
جەختیشی كردۆتەوە، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، كە سەرجەمیان بڕیاری دادگایان دەوێت، یەكەمیان دەركردنی بڕیارێك بە دروستی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك و دوورخستنەوەی كاندیدی لیستی تەقەدوم، دووەمیشیان ئەوەیە بڕیاردان بە نادروستی كۆبوونەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەمان بۆ چوارگۆشەی یەكەم و گۆڕینی كاندیدەكان، سێیەم سیناریۆش ئەوەیە بڕیار بدرێت بە دروستی كۆبوونەوەی پەرلەمان و كشانەوەی سەرجەم كاندیدەكان بە ڕێككەوتنی سیاسی و هەڵبژاردنی نوێ بكرێت.