ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لە کابینەى هەشتەوە لە حکومەت نین و، کاتێک بەردەوام هەوڵى چاکسازیمان داوە و ڕێمان پێ نەدراوە.
سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، پیرۆزبایی یادى ڕاگەیاندنى یەکگرتوو لە میدیاکار و رۆژنامەنوسان و، سەرجەم ئەندام و لایەنگرانى یەکگرتوو دەکەم، یەکگرتوو لە ماوەى ٣٠ ساڵەى تەمەنیدا هەمیشە هەوڵى پاراستنى شوناسی ئایینى و ئەخلاقى داوە، کوردایەتى لە دەردەکانى شۆڤێنیەت پاراستووە.
سەبارەت بە بارودۆخى کوردستان و گوزەرانى خەڵکى هەرێم، ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو ووتى: ئێمە لە کابینەى هەشتەوە لە حکومەت نین و، کاتێک بەردەوام هەوڵى چاکسازیمان داوەو ڕێمان پێ نەدراوە، لە حکومەت کشاوینەتەوە، یەکگرتوو هەرگیز بەشێک نەبووە لەو گرفت و کێشانەدا، ٣٠ ساڵى ڕابردووش جێگاى شانازیمانە کە تەرکین لە هەموو خراپەکارییەک، هاوکات شەریکین لە هەموو خێر و ئاشتیخوازییەک.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو نیگەرانى خۆشى نیشاندا لە بێباکى دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان کە لە بەرامبەر ئەو خۆپیشاندان و خەباتە مەدەنییانەى مامۆستایان و فەرمانبەران و، خراپى بژێوى و گوزەرانى موچەخۆراندا دەینوێنێ ، لەوبارەشەوە ووتى: ئێمە هەمیشە ئامادەبووین و هەوڵمانداوە قسەى خیر بکەین، بەڵام لەبەر بێ باکى دەسەڵات کەڵکى نەبووە، لەوە بارەوە ، پشتگیری تەواوی یەکگرتووی بۆ خەباتی مەدەنی مامۆستایان و مافە رەواکانیان دوپات کردەوە .