سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکەی وڵات دابین بکرێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لێپرسراوانی دەوڵەتی عێراق کۆبووەوە، هاوكات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و خالید شوانی، وەزیری داد و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەش ئامادەبوون.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکانی وڵات تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لەڕێگای سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە وڵاتدا، بەدیهاتوون.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر، “پێویستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکە”.
د.لەتیف رەشید کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەسەر ڕەوشی ژیان و ئابووری و باری کۆمەڵایەتی ڕوونکردەوە و وتی، “دابەشنەکردنی مووچە بووە هۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەش بوونی خوێندکاران لە خوێندن”.