وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، كە 618 ملیار دینارەكەی ڕەوانەی هەرێم كردووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەروەک ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابوری لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکاران ڕایگەیاند، سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم ناردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغداد تێپەڕێنراوە و هەموو ڕێکارە ئیداریی و یاساییەکان تەواوبووە، بۆیە چاوەڕوانین لەسبەینێوە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕادەگەیەنرێت.