ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و پرسی باشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس و بەرەوپێشچوونەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری نەوت و غاز و بەشە بودجەی هەرێم لە یاسای بودجە باسی لێوەکرا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لە سەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
دەشڵێت،بۆ یەکەم جار ئەمساڵ لە داڤۆس، ( ماڵی کوردستان ) بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.
ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە، بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم،
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە كە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکانیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوییان دروست کردووە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا هەرچی زووە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات.
ڕوونیشیکردۆتەوە، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە بە زیادەوە جێبەجێکراوە بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە