چێژی سەرکەوتن و وانەی شکست



ڕەووف محەمەد ئالانی – نووسەر

“شکست لاوازم ناکات، ئەگەر ئیرادەی سەرکەوتنم هەبێت”
جیم ڕۆن

لە مێژووی خەباتی شۆڕش و ململانێی گەلی کورد بەگشتی و هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی، کەمجار بیستراوە و بینراوە، دان بەشکستدا بنرێت.
بەپێچەوانەوە هەموو شکست و دۆڕانەکان بە شێوازی چەواشەکردن و لەخشتەبردن و پاساوهێنانەوە، بە بردنەوە و سەرکەوتن لە قەڵەمدراون، بۆ ئەم وتانەم چەندین نمونەی بەرجەستە و بەرچاو بونیان هەیە.
تا ئەم چرکەساتە هیچ کام لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان دانیان بە شکستەکانیاندا نەناوە، هەر بە نمونە کاتێ شۆڕشی ئەیلول هەرەس دێنێ و کۆتایی بەو شۆڕشە دێت، خەڵک ناوی نا “ئاشبەتاڵ” بەڵام بەرامبەر ئەو وشەیە، ئەوانەی لایەنگیری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون بە ئێستاشەوە، ئەو وشەیە نیگەرانیان دەکات و وشەی “نسکۆ یان هەرەس”ی پێدەڵێن، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە نایانەوێ دان بەشکستی ئەو شۆڕشەدا بنێن.
نمونەیەکی تر دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی “ڕیفراندۆم”ی ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧، کە لەبەر بێپلانی و نەخوێندنەوەی دۆخی سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی ئەو بڕیارەدرا، لەبەر ناکۆکی و ناتەبایی هێزەکانی ناوخۆ، نیوەی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان ڕادەستی دوژمنانی کورد کرایەوە، بەتایبەت ناوچەکانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
لە ڕۆژەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەربوو، بەپێی هەواڵەکان ‘ی. ن. ک’ ڕۆڵی لەو کێشەیەدا هەبوو، زۆربەی هەواداران و لایەنگرانی ‘ی. ن. ک’ پێیان ناخۆشە بەشکست باسی ئەو ڕۆژە بکرێت، کە بەڕای زۆربەی خەڵک خیانەتێکی هاوشێوەی ٣١ی ئابە کە پارتی لەساڵی ١٩٩٦ لەکاتی شەڕی ناوخۆدا ئەنجامیدا، ئەوەش بە هێنانی سووپای داگیرکەری بەعس بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمەی سەرەوە کە باسمکرد تەنها بۆ سەلماندنی ئەوەیە، کە ئێمەی کورد ناتوانین دان بەشکستەکانماندا بنێین و وانەی لێ فێربین.
دوای ئەو هەموو نەهامەتی، ناکۆکی، شەڕ و سڕینەوانەی یەکتر، لەئێستادا ناکۆکیەکان و دابەشبوون بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتییەکان لە هەموو کات زۆرتر و زەقتر دیارە.
هەموو نەتەوەکانی جیهان شکست و سەرکەوتنەکانیان تۆماردەکەن و وانەی لێوەردەگرن و لێی فێردەبن و دووبارەی ناکەنەوە، بەڵام ئێمەی کورد ناتوانین وەک ئەوان بین و لە شکستەکان فێربین.
لەمبارەوە ‘مالکۆم فۆربێس’ دەڵێت: “شکست سەرکەوتنە ئەگەر لێی فێربین”.
ئەوەی باسمکردەوە بۆ هەموو لایەنەکان تەبا و گونجاوە، لە بوارەکانی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوریش. لەناو پەند، بەیت، ئەدەبیات و کەلەتوورماندا ڕەنگیداوەتەوە.
لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و یەکە کارگێڕیەکانی، ساڵ دوای ساڵ خراپتر چاوەڕێی خەڵک دەکات، بەڵام وەک هەمیشە، دان بەو شکستانەدا نەنراوە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی حکومەتی هەرێم نەتوانێت مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی بدات و خزمەتگوزاریەکان بێنەخوار بۆ ئاستی سفر.
ئێمە میلەتێکین هەمیشە وابەستەین بە نەریتێکی لە قاڵبدراوی نەرێنی، پلان و پڕۆژەمان بۆ ئایندە نییە، هێندە ئازاری شکستمان چەشتووە، بووینە ئەو مارانگازەی لە هەموو خشپەیەک دەترسین.
فەیلەسوفی فەرەنسی ‘ئیمانوێل کانت’ دەڵێت: “ئەو کەسانەی لە شکست دەترسن، ناتوانن تامی سەرکەوتن بچێژن”.
دوای سی و سێ ساڵ لە حکومڕانی خراپ و شکستی شێوازی بەڕێوەبردن و نقومبوون لە گەندەڵی، نادادی و پێشێلکاری لە مافە سەرەتاییەکانی ئازادی، بەردەوامیدان بەو دۆخە نالەبارە هەر بەردەوامن.
تەنانەت گوێیان بۆ دۆستەکانی ئەم میلەتەش نەگرت، لەمکاتەشدا کە دەستیان لەبنی هەمبانەکە دەرچووە، خەریکە میللەتێک دەکەنە قوربانی عەقڵی بچووک و تەسکی خێلگەرێتی خۆیان، هیچ وتە، پلان و کارەساتێک ناخوێننەوە.
چوار مانگ و نیو زیاترە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە داخراون و مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، مێش میوانیان نیە، شکستی پەروەردە نیشانەی داڕمانی هەموو کایەکانی ترە، نەمانی متمانەش چۆڵکردنی بەرگری و پاراستنی خەڵکە لەم شێوازە خراپەی حوکمڕانیتان.
وتارەکەم بە وتەیەکی ‘جاک وێڵش’ کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت : “لە ژیانەوە فێربووم کە شکست دەتوانێت مامۆستایەکی باش بێت بۆ مرۆڤ، هەروەکو سەرکەوتن”.

عیمران خان بە ١٠ ساڵ زیندانی سزادرا
پێت عیمران خان بە ١٠ ساڵ زیندانی سزادرا
ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ڕاگەیەندرا
دوات ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ڕاگەیەندرا
پەیوەندیدار