د. سەعید عەلی محمد
كۆمەڵگەی كوردی لە كوردستاندا كۆمەڵێكی زۆر لە زانایانی ئایینی و كەڵەپیاو و خەباتگێڕو تێكۆشەری نەتەوەیی مەزنی پێگەیاندووە، هەر لە شێخ سەعیدی پیران و سەعید نەورەسی و قازي محمد و مەلا مصطفی بارزانی و احمدی موفتی زادە و ناصری سوبحانی و عبدالكریمی مدرس و عثمان عبدالعزیزو مه لا علی عبدالعزیزو مصطفی زەڵمی و دەیان و سەدانی تر كە هەر یەكێك لەوانە عیملاق و عەلەمداری سەردەمی خۆی بووە و نمونەی شوناسی ئیسلامی و نەتەوەیی و هێمای ئەخلاق و سلوك و زوهدو عەدل و سیاسەت و بەگژداچوونی ستەم و زوڵم و نادادیی بووە!
یەكێك لەو كەسایەتییە زانستییە شەرعزانە ناودارانەی كە درێژە پێدەری هەمان ئەو كاروانە پیرۆزو گەورەیەیە: مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە محموده كە ساڵی 1950 لە گوندی یاڵانپێی ناوچەی هەورامان لەدایك بووە و، لە ساڵی 1977 مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و، لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە نوسینكردووە و زیاتر لە (30) پەرتوك و دەست نووسی لە بوارە جیاجیاكاندا هەیە كە هەرە دیارترینییان تەفسیری قورئانی پیرۆزە كە تا ئێستا (6) جار چاپ كراوەتەوە!
بێگومان زۆرن ئەو مەلاو زانا ئایینیانەی كە لە كوردستاندا خزمەتی ئیسلام و حوجرە و زانستە شەرعییەكان و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە، بەڵام ئەوەی كە احمد كاكە محمود لە ئەوان و زۆرێك لە زاناو كەڵە پیاوەكانی تری كۆمەڵگەی كوردەواریی جیا دەكاتەوە ئەوەیە: مامۆستا احمد جگە لەوەی مەلایەكی ناسراوو كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و پیاوێكی ناوداری ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بووە، لە هەمان كاتدا قەڵەم بەدەست و نوسەرێكی زیندوو فەقیهێك و شەرع زانێكی هاوچەرخ و ڕەمزێكی قیادی و جیهادی و حەرەكی دیارو لەماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا پێشڕەوی گەورەترین شۆڕشی سیاسی ئيسلامي و فیكری و فیقهی و عەقڵی و ڕۆشنبیری بووە لە هیزری جەماوەری ناوچەكە بە گشتی و گەنج و لاوان و ڕۆشنبیران بەتایبەتی!
بێگومان لە هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا كۆمەڵێك دیاردە و ڕووداوی گەورەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە ساحەی سیاسی كوردستان و ناوچەكەدا ڕوویاندا، هەر لە ڕوودانی شەڕی ئێران – عێراق و، ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت و كۆتایی هاتنی تەوژمی شیوعییەت و، بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و نادادی و، زەرورەتی هاتنەكایەی حیزب و كاری ئیسلامی و خەباتی چەكداری و سەرهەڵدانی بیرۆكەی جیهاد و دەستەواژەی توندڕەوی و فیكرەی دیموكراسی و چەندان بابەت و پرسی كۆمەڵایەتی تری جۆراوجۆر، كە لەبەرانبەر ئەم شەپۆلە گۆڕانكارییانەدا مەعلومه (احمد كاكە محمود) سوارچاكێكی ئازاو بەتواناو عیملاقێكی مەیدانی وەڵامدانەوە ى برسياره كان و بەدەمەوەچوون و چارەسەركردنی زۆربەی ئەو كێشە و بابەت و پرس و قەیران و گۆڕانكارییانە بوو!
بێگومان لە مێژووی كوردایەتیدا زۆربوون ئەوانەی هەڵگری دروشمی كوردایەتی و ئازادیخوازی و خەباتی نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی دیكتاتۆرییەت و سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكانییان هەڵگرتبوو، بەڵام جیاواز لەوان ئەگەر سەرنج بدەینە نوسین و بەرهەم و ووتارو فەتواو وێزگەكانی ژیانی ئەم كەسایەتییە گرنگە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو چ بایەخ و گرنگییەكي نەك تەنها بە نەتەوە و كوردایەتی بەڵكو بە سەرجەم پرسە هەستیارو بابەتە گەرماو گەرمەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی داوە، هەر لە چەسپاندنی باوەڕو پەروەردەكردنی تاك و خێزان و پێگەیاندنی لاوان و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی ژیانی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی گیانی خەباتگێڕی و فیداكاری و تێكۆشان لەپێناو گەل و نیشتمان و خاكدا، پشت ئەستور بە فیقھ و فیكرو مەعریفەی سەردەمیانە و بە میتۆدێك و مۆدێلێكی تەواو جیاواز لەو فۆڕم و مۆدێلە تەقلیدییە كە ئەوانی تر بانگەوازییان بۆ دەكرد و لێوان لێو بوو لە جەهل و نەزانی و فریودان و خەڵەتاندن و لە خشتەبردن و بەرژەوەند پەرستی و بە سوتەمەنی كردنی هەموو شتێك لەپێناو ئامانج و حەزە تایبەتەكاندا.
ئەحمەد كاكە محمود بە پێچەوانەی ئەو زاناو مەلایانەی كە لە ڕابردوو و ئێستاشدا بڕوایان بە پێكەوە گرێدانی دین و سیاسەت نیە و سیاسەت كردنیان لە پاڵ دینداریدا بە قاچاغ و كارەسات لێكداوەتەوە، ئەو هەڵگری مەشخەڵی دین و دەوڵەت و سیاسەت بووە و، ئەو ڕاستییەی بەگوێی هەموواندا داوە كە سیاسەت بەشێكە لە ئیسلام و، دین و سیاسەت دوانەیەكی لێك جیانەكراوەن و، به لاي ئه وه وه چەسپاندنی دادگەری و بەدیهێنانی ئازادییەكان و گەڕاندنەوەی مافە زەوت كراوەكان بەبێ مومارەسەكردنی سیاسەت و گرتنە دەستی دەوڵەت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی مه حال بوو.
احمد كاكە وەك سەركردە و كاراكتەرێك و ڕەمزێكی بواری فیكرو سیاسەت و چاكسازی و چاكەخوازی هاوشێوەی كەڵەپیاوەكان وەك ئەفغانی و عەبدە و غەزالی و مەراغی و شەلتوت و كەواكبی و بەنناو بن بادیس و غەنووشی و ئەوانی تر حیزبایەتی و فرەیی سیاسيي بە زەرورەتێكی سەردەم دەزانی و، پێی وابوو لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی ئیسلامیدا دەكرێ سیستمی دیموكراسی و میكانیزمی هەڵبژاردن باشترینی خراپەكانی سەردەمی ئێستا بێت و گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤ بێت لەبەرانبەر دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆسەپێن و دیكتاتۆرەكاندا!
لەیادی كۆچكردنیدا دەڵێم: لەڕاستیدا احمد كاكە لە بوارەكانی علم و قیقھ و فيكرو سیاسەت و ئیسلاح و تازەگەری و پاراستنی ڕەسەنایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەم و جەهل و نەزانی و خورافەدا نمونەی نه وه وي و ئیبنو تەیمیە و نەدەوی و عەززامی نەتەوەكەی بووە، ئەو بەڕاستی شەرعزانێكی پسپۆڕ، موفەسیرێكی گەورە، بانگخوازێكی هاوچەرخ، سەركردە و خەباتگێڕو سیاسییەكی هەڵكەوتوو و بێ وێنەی میللەتەكەی بوو.