پارتی گەلی كۆماری جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن بە ڕێبەرایەتیی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ ركابەری سەرەكیی ئاكپارتی دەسەڵاتداری توركیا پێشدەستی كرد بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا.
ماوەیەكی زۆرە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا خوازیاری ڕێككەوتنە لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و ئاشتبوونەوە، ئامانجی سەرەكی لە ئەو هەنگاوەی ئەنقەرەش گووشارخستنە سەر ڕۆژئاوای كوردستانە دوای بێهیوابوون لە ئەمریكا و ڕووسیا كە ڕێگە بە توركیا بدەن هێرشی سەر ڕۆژئاوا بكات.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند دیدار و كۆبوونەوە لەنێوان دیمەشق و ئەنقەرە لەسەر ئاستی هەواڵگریی بەڕێوەچوون و باس لە بەرزكردنەوەی ئاستی گفتووگۆكان بۆ هەردوو وەزارەتی دەرەوە و تەنانەت دیداری ئەردۆغانو ئەسەدیش دەكرا.
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەردۆغان، دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسەد بە ئاسایی زانیوە.
ئەم هەوڵەی ئەنقەرە دوای زیاد لە 10 ساڵ دێت لە پشتیوانی ئەنقەرە بۆ گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە لە دژی بەشار ئەسەد لەجەنگدان.
بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا لەبارەی كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان دەڵێت، جارێ لەگەڵ ئەردۆغان كۆنابمەوە، تا نەبێتە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
لەنوێترین زانیارییدا سەرچاوەكانی مێدیای توركیا ئاشكرایانكردووە، جەهەپە كە خۆی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو سازداوە، ڕێككەوتنێكی نهێنی لەگەڵ ئەسەددا كردووە.
بەپێی ڕێككەوتنەكە، ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغاندا كۆنابێتەوە پێش هەڵبژاردنەكان، لەبەرامبەردا لە حاڵی گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن جەهەپەوە، سووپای توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا دەكشێتەوە و قەرەبووی مادی زیانەكانی سووریاش دەكرێتەوە كە بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بەری كەوتوون.