کونسوڵی ئیمارات سەردانی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی کۆبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کونسوڵی ئیمارات سەردانی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی کۆبووەوە، کە ئامانجی سەردانیکردن و کۆبوونەوەکان بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیماراتی عەرەبییە.
هەرێم بەهادین، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان بۆ پەیامنێری خەڵک ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ سەر کونسوڵی گشتی ئیماراتی عەرەبی بە سەردانێک لە پارێزگای سلێمانییە، کە ئامانج لەم سەردانەی بینینی ژمارەیەک وەبەرهێن و بازرگانە تا لە نزیکەوە گفوتوگۆ بکەن، هاوبەشیی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوانیان هەردوو وڵات بەهێز بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وڵاتی ئیماراتی عەرەبی یەکێکە لەو وڵاتە گرنگ و پڕ بایەخانەی کە جێدەستی لە وەبەرهێنان دیارە، دەیەوێت هاوبەشییەکانی نوێ بکاتەوە، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی پەرەپێبدات”.