وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەم ئێوارەیە لە بەغدا چاوی بە ئەلینا رۆمانسکی کەوتووە و نامەیەکی گرنگی لێ وەرگرت کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ حکومەتی ناوەندیی عێراق نێردراوە، بەڵام هیچی لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکە بڵاونەکردووەتەوە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چاوم كەوت بە ئەلینا رۆمانسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغداد و پەیامێكی گرنگی حكومەتی ئەمریكام لێوەگرت بۆ حكومەتی عێراق، پەیامەکە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارە تایبەتمەندەكانەوە تاوتوێ دەكرێت و هەنگاوی داهاتووی لەبارەوە دەنرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقیی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بارەگایەکیان لە ناوچەى سیکەک لە شارى قائیمى رۆژئاواى ئەنبار بوو، بارەگاکەی دیکەش لە ناحیەى جورف سەخر لە باشووری بابل، کە بەهۆیەوە چەکدارێکى ئەو گرووپە کوژرا.