دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە “پێدانی نەوت بە نرخی هەرزان و دەرهێنانی مووچەی هەرێم لە خەرجی فعلی” ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، سکاڵاکان لە تایبەتمەندی دادگاکەیان نین.
ئەمڕۆ چوار شەممە 24ی 1ی 2024، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو سكاڵای پەرلەمانتار (نەهرۆ مەحمود) كۆبووەوە، كە لەسەر وەزیری نەوت و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی عێراق تۆمار كرابوون.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی، كە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، لە سكالای یەكەمیاندا، كە لەسەر وەزیری نەوتی عێراق تۆماركراوە “داواکراوە ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق، نەوتی سپی و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای یەكسانی لەنێوان هەموو هاووڵاتیانی عێراقدا”.
هەر بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگاكە، لە سکاڵای دووەمدا، كە لەسەر وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراق تۆماركرابوو داواکراوە “پشکی ھەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکرێتەوە و ئەو مادەیەی یاسای بودجە، كە پشكی هەرێمی خستۆتە سەر خەرجی فعلی بە نادەستووری دابنرێت و ئەو وەزارەتانە پابەند بكرێن بە ڕەچاوكردنی بنەمای یەكسانی و خەرج كردنی مووچە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە”.
دادگای فیدڕاڵی لە یەکەم دانیشتنیدا ھەردوو سکاڵاکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو سکاڵایانە لە تایبەتمەندی دادگاکەیان نین.