دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی 10 تۆمەتباری لە سلێمانی ڕاگەیاند و دەستیش بەسەر چەند چەکێکی بێمۆڵەتدا گیرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ماوەی هەفتەیەکدا 10 کەسیان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکردووە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو 10 کەسە بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، تەقەکردن، دروستکردنی پشێوی و ئاژاوەگێڕی دەستگیرکراون و دەستیش گیرا بەسەر سەرجەم ئەو چەکە بێمۆڵەتانەی بەکارهێنرابوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێستا تۆمەتباران بەماددەکانی 413 و 432 و 495 لە یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسیەکانیان ڕادەستی یاسا کراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، وەک دامەزراوەیەک بۆ ئارامی و ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکان لەپێناو سەقامگیری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبونەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.