سوودانی بانگهێشتی برۆكسێل كرا



 

سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپایان كرد.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی كارەكانی دووەمین كۆنگرەی بەغدا بۆ هاریكاری و هاوبەشیی كە لە ئوردن بەڕێوەچوو، لەگەڵ جۆزێپ بۆڕێل كۆبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە دیدارەكە ‌پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بەگشتی و چۆنییەتی بەهێزكردنی هاوبەشی و ئالوگۆڕكردن لەسەر ئاستی ئابووری و ئەمنی و بوارەكانی دیكە كە جێی بایەخ و بەرژەوەندیی هاوبەشە، تاوتوێ كران.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە كرد كە عێراق گرنگی بە هاوسەنگیی لە پەیوەندییە دەرەكییەكانی و ئاراستەی بەرەو كاركردنی نێودەوڵەتیی بۆ پشتگیریكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەدات، هەروەها بایەخ بە هەوڵە هاوبەشەكان لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و رووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەكان دەدات.

لە بەرامبەردا نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش، پشتگیری یەكێتیی ئەورووپای بۆ سەقامگیریی عێراق و هاوكاریكردنی كردەوە، هەروەها بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی كرد بۆ ئەوەی سەردانی بارەگای یەكێتیی ئەورووپا لە برۆكسێل بكات، بە ئامانجی زیاتر تاوتوێكردنی پرسە هاوبەشەكان و پتەوكردنی پەیوەندیی هاوبەش لەنێوان عێراق و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەكەی قبوڵكردووە و رایگەیاندووە كە لە نزیكترین دەرفەتدا سەردانی بارەگای یەكێتیی ئەورووپا دەكات.

دەرمانی ساڵی داهاتووی نەخۆشخانەی هیوا دابین دەكرێت
پێت دەرمانی ساڵی داهاتووی نەخۆشخانەی هیوا دابین دەكرێت
“لووتكەی بەغدا ڕۆڵی عێراقی دووپاتكردەوە”
دوات “لووتكەی بەغدا ڕۆڵی عێراقی دووپاتكردەوە”
پەیوەنیدر