ئەمریکا چەند بارەگایەکی کەتیبەکانی حزبوڵای بۆردومان کرد و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییش بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق وەسفی دەکات.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند بارەگایەکی کەتیبەکانی حزبوڵای لە جورفلسەخری سەر بە پارێزگای بابل و قائیمی لە پارێزگای ئەنبار بۆردومان کرد.
هەرچەندە کەتیبەکانی حزبوڵا بە فەرمی سەر بە حەشدی شەعبین، بەڵام وەك گروپێکی سەر بە ئێران دەناسرێت و بەردەوام لە دەرەوەی سیاسەتی حکومەتی عێراق هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
میدیای سەر بە میلیشیاکان بڵاویکردەوە کە لە بۆردومانەکاندا چەکدارێك کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆش قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کاردانەوەی بۆردومانەکەدا ڕایگەیاند بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و یارمەتیدەرش نابێت بۆ هێوردکردنەوەی دۆخەکە.