وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لای ئێمە هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییە،ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازەش بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی مووچە كە مافی ڕەوا و سادەی خەڵكە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ڕابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان كردوە.
دەشڵێت:” لەلایە ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمدا نییەو ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی مووچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە”.
راشیگەیاندووە، ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە ڕابردوو وامان كردووە،بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین، لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە میدییاكان نیشتیمانییانەو پیشەییانە ڕووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە!.