بەهۆی بەردەوام بوون لەسەر بایكۆت و نەچوونەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بڕیاری غیابدانی بۆ ژمارەیەك مامۆستای خوێندنگەیەك دەركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە 21ی 1ی 2024 بە ژمارە (1436) فەرمانی كارگێڕی “دابڕانی بێ مووچە”ی بۆ 35 مامۆستای خوێندنگەی (نساران) لە سلێمانی دەركرد و غیابدانەكەش لە 9ی 1ی 2024ەوە هەژمار كراوە تاوەكو دەستبەكاردەبنەوە.
ماوەی 4 مانگە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە و وەرزی یەكەم بەبێ خوێندن تێپەڕی و لە سەرەتای ئەم مانگەوە و لەگەڵ دەستپێكی وەرزی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكانی ئەو ناوچانە بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامیان دا، بەڵام بەشێكی زۆری مامۆستایان سوورن لەسەر بایكۆت و لە بەشێكی كەمی خوێندنگەكانیش دەوام دەستی پێكردۆتەوە.
بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی، هەر فەرمانبەرێكی كەرتی گشتی ماوەی 30 ڕۆژ لەسەر یەك لەدەوام داببڕێت و دەوام نەكات “فەسڵ” دەكرێت.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە مامۆستا بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.