وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکان و گەنجینەکان کردووە کە لیستی مووچەی پەسەندکراوی بۆ ڕەوانە بکەن.
بەپێى نوسراوێك کە ناوەڕۆکەکەی لە میدیای پارتی و گۆڕاندا بلاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ئاڕاستەى سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى دادوەریی و گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە نەبەستراوەکانى کردووە، داوا لێ کردوون دەکات لیستى مووچەى پەسەندکراویان بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی.
لە نووسراوەکەدا داوا کراوە مانگانە لیستى مووچە بەپێى مووچەى بنەڕەت، جۆرى دەرماڵە، لێبڕینى خانەنشین و باجى دەرامەت بە وردبینى و پەسەندکراوى بنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەکان بۆ مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ.
وەزارەتى دارایی داواشى لە وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کردووە، مانگانە بەر لە 10ى مانگ لیستى مووچەکانیان بنێرن.
بڵاوبوونەوەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ و مووچەی سێ مانگی کۆتایی 2023 نادیارە، هەرچەندە دوینێ وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەك کرد.