عومەر سەید عەلی ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی دەستوری و یاسایدایە و چارەنووسی هەڵبژاردن نادیارە، دەشڵێت: لەهەرێمی كوردستان چینی ناوەند نەماوە كۆمەڵگە بەسەر دوو چینی چەوساوە و چەوسێنەر دابەش بووە.
عومەر سەید عەلی لە میانی بەشداریكردنی لە دووەمین كۆنفرانسی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتارێكیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە هێزە سیاسییە كوردییەكان بەشدار بوون لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، بەڵام نەیانتوانیوە بەشداری كارایان هەبێت، ئەوەش وایكردووە كێشەكانی كورد بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بە سیاسیكردنی بودجە و مووچە، دەرەنجامی سیاسەتی هەڵە و ئابووری سەربەخۆیە، بۆیە بەردەوام دەسەڵاتدارانی بەغداد هەوڵ بۆ بچووكردنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم دەدەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، عێراق و هەرێمی كوردستان گرێدراوی دۆخی ناوچەكە و جیهانن، بۆیە ئێستا لەبەردەم لێكەوتەی مەترسیداردایە، پێدەچێت پریشەكەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو ماڵی كورد بگرێتەوە.
وتیشی، “بەرژوەندی شەخسی و حزبی هۆكاری سەرەكین بۆ لاوازبوونی پێگەی هەرێم، چونكە هیچ كاتێك هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی دابەش بوون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە، لەهەمانكاتدا خراپی ئەدای حكومڕانی و نەبوونی مووچە و بێ باكی دوو حزبی دەسەڵاتدار مەترسییەكی دیكەی جددیە لەسەر هەرێم.
ئەوەشی ئاشكراكرد، كە ساڵی ڕابردوو بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوی كاریگەریی لەپێناو مافی هاووڵاتییان ناوە و ژمارەی ناڕەزایەتییەكان لەو ماوەیەدا ئەو ڕاستیەی سەلماند گۆڕان ئازادیی بۆ هەمووان دەستەبەر كرد.