ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر دانانی سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام جێگیرکردنی، پێویستی بە ڕەزامەندی عێراقە.
ئەمڕۆ هەینی، بەختیار محەمەد، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ڕایگەیاند، هێرشەکەى سەر هەولێر پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراقە، پێویستە عێراق پێداچوونەوە بە رێککەوتنى ئەمنیى خۆى لەگەڵ ئێران بکات.
وتیشى “هیچ پاساو و رەوایەتییەک بۆ هێرشەکان نییە و ئەو هێرشانەى کە دەکرێنە سەر هەرێمى کوردستان شکاندنى سەروەریى عێراقە و هەرێمى کوردستانیش بەشێکە لە عێراق.
ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەرگە سەبارەت بە پرسی جێگیرکردنی سیستمی بەرگری مووشەکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەیاساى بودجەى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکادا دابینکردنى سیستمى بەرگرى بۆ هەرێمى کوردستان جێگیر کراوە و بێگومان دانانى سیستمەکەش لە هەرێم پێویستى بە رەزامەندى حکومەتى عێراق دەبێت.