ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەهات، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە و تێكشكێنرا.
پەیامنێری (خەڵك) لە هەولێر ڕایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە هەولێر بیستراوە و تا ئێستاش لایەنە ئەمنییەكان ڕوونكردنەوەیان نەداوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو دەنگە بەهێزە تێكشكاندنی درۆنێكی بۆمڕێژكراو بووە، كە لەلایەن سیستمی بەرگری هێزەكانی هاوپەیمانانەوە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر تێكشكێنراوە و درۆنەکە دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
لای خۆشیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگێک لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و دواتر زانیارییەکان بڵاودەکەینەوە.