دوابەدوای گشتاندنەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وەزارەتەكان و لەنێویشیاندا وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق كرا.
بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکارەکانی بۆ ناردنی پشکی هـەرێم لە بودجە دەست پێکرد و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت و بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لیستی مووچـەی مانگی یەك لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق و دوای وردبینی پارە دەخرێتە سەر هـەژماری دارایی هەرێم.
ڕۆژی 16ـی مانگ، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی مانگی 1ـی لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكانی عێراق و هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێم کرد، ئەمڕۆش لیستەکە درایە ژمێریاری دارایی عێراق.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق مانگانە بڕی 618 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەكرێت تاوەكو هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە و خەرجی مووچە لە خەرجی فعلی دەردەكرێت.