وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە ڕێکەوتوین و هیوادارین لەپەرلەمانیش بێ کێشە تێپەریت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە ( دکتۆر تۆرکیلد بیوگ ) بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، لەسەرەتای دیدارەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوی بۆردومانەکانی شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست دووبارە نەبنەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابوری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابوری هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە گەشەکردن و ئاوەدان کردنەوە زیاتری هەرێمەکەمانە.
وتیشی: لەدواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتونەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت، دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی ڕایگەیاند لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتۆتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەنە ڕێککەوتن.
ئاوات جەناب نوری ڕۆڵی وڵاتانی ئەورپاو ئەمریکای بەرز نرخاند لەپای هەوڵەکانیان بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند، خەڵک و مووچەخۆری ئێمە لەوە زیاتر توانای بەرگەگرتنی فشاری سیاسی و ئابوری عێراقیان نەماوە.
هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند هەست بەو فشارو کاریگەریانە دەکەن کەلەسەر ئابوری هەرێم و مووچە خۆران هەیەو هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێکەوتنیکی گشتگیر.