هەرێمی كوردستان نۆ ساڵی بەبێ بودجە تێپەڕكرد، ئەگەریشی زۆرە ساڵی داهاتووش پرۆژەی بودجە ئامادە نەكرێت، بە بڕوای شارەزایانی ئابووریش، نەبوونی بودجە كاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسی و دەروونی هاووڵاتییان دروستكردووە و دەرگایەكیش بۆ گەندەڵی دەكاتەوە، چونكە پارە بێ حساب خەرجدەكرێت، نە كەس دەزانێت داهات چەندە؟ نەك كەس دەزانێت خەرجی چەندە؟.
لە 2014وە لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگەژەی دارایی هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی ئامادەنەكردووە.
ساڵی داهاتووی 2023ش ئەگەری زۆرە هەرێم بەبێ بودجە بمێنێتەوە.
هەرچەندە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە وەك پاساوی سەرەكی ئامادەنەكردنی بودجە ناسێنراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەتایبەت ئەمساڵ 2022 حكومەتی هەرێم داهاتی ئەوەندەی هەبووە كە هەر چۆنێك بێت بودجەی هەبێت، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی ناوخۆ و هاتنی چەند بڕەپارەیەك لە بەغداوە.
شارەزایانی ئابووری دەڵێن، نەبوونی بودجە لە وڵاتدا دەرگای جۆرەها گەندەڵی لە بواری ئابووری دەكاتەوە.
پەڕلەمانی كوردستان وەك لایەنێكی تایبەتمەند لە نەبوونی یاسای بودجە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ چاودێرییەكی خەرجی و داهاتەكانیشی نەكردووە، چونكە یاسای بودجە نەبووە.
د. كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گرنگی بودجە لەوەدایە كە ئامانجی وڵاتەكە لە ماوەی ساڵێكی نوێدا ڕووندەكاتەوە بۆ ئەو كارانەی دەیكات، وەزارەتەكان بەرچاویان ڕووندەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگی بكەن و سوود لە ئەزموونی یەكدی وەربگرن و لەگەڵیشیدا پڕۆژەیاسای بودجە جێبەجێ بكەن و دواتریش پێداچوونەوەی كۆتایی دەكرێت بۆ زانینی گرفتەكان و چۆنێتی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە.
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، لە هەرێمی كوردستان، زیانمەندی یەكەمی نەبوونی بودجە هاووڵاتییانن، نەبوونی بودجە هاوكارێكی زۆر باشی زیادبوونی گەندەڵییە، ئەوانەی سەرقاڵی گەندەڵین باڵادەستدەبن، نائومێدبوونی خەڵكیشی لەگەڵە، چونكە نازانن دارایی وڵات چۆن خەرج دەكرێت؟ ئایندەیان چۆنە و بەكوێ دەگات؟.
دەشڵێت، ئێستا لە بەغدا لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی دەكەن بۆ ئەوەی بودجەی وڵاتەكە تێبپەڕێنن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان نەبوونی بودجە كراوە بە نەریت، بەو هۆیەوە هیچ ڕۆڵێك بۆ پەڕلەمان نەماوەتەوە.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتییان و پسپۆڕان فشار بكەن بۆ ئامادەكردنی بودجە، چونكە عەیبەیە بۆ دەسەڵاتێكی فیدڕاڵی كە پڕۆژە یاسای بودجەی نەبێت، لەكەیەكی بەڕێوەبردنە بۆ دەسەڵات.
باس لە ئەوەش دەكات، نابێت بابەتی ناردنی 200 ملیار و 400 ملیاری بەغدا بۆ هەرێم زەق بكرێتەوە، چونكە هەرێم پێویستی بەو پارەیە نییە بۆ دابینكردنی مووچە و دانانی پڕۆژە یاسای بودجە، بەڵكو ئەوەی پێویستی پێی هەیە تەنها حیزبە، ئێستا نرخی نەوت بەرزە و بەهای ئەو دۆلارەش بە %18 بۆ %20 بەرزترە لە جاران و كاتی ئەوەیە كە پڕۆژە یاسای بودجە بچێتە پەڕلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
لە لایەكی دیكەوە، عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەبوونی یاسای بوودجە نیشانەی ئەوەیە حكومەت و دەسەڵات شایستە نین لەحكومەتدا بن، چونكە یاسای بودجە سەرەتاییترین ئەركی هەر حكومەتێكە هەیبێت بۆ ئەوەی داهات و خەرجی خۆی دابڕێژێت و پلانی ئابووری خۆی هەبێت بۆ هەموو سێكتەرو بوارێك.
دەشڵێت، نەبوونی یاسای بوودجە و ژمێرەی كۆتایی سەرچاوەی ناشەفافی و گەندەڵییە، چونكە لەپشت نەبوونی یاسای بوودجە ئەوەی خۆی شاردووەتەوە گەندەڵییە، ئەو بەهەدەردانەی لەسەروەت و سامانی هەرێم هەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
لەبارەی بێدەنگی پەڕلەمانەوە سەبارەت بە بودجە، عومەر گوڵپی دەڵێت، تاوەكو ٦/١١/٢٠٢٢ هەمووی ئەوەی لەسەر شانمان بووە كردمان تاوەكو حكومەت ناچار بكەین یاسای بوودجەی هەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی پەڕلەمانی و دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان ڕێگربوون لەوەی پەڕلەمان ئەركی خۆی ببینێت، پەڕلەمان بووە پارێزەری حكومەت لەم كارەدا.