وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات و سکاڵاش دەگەیەنێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی ئێرانی بۆ سەر هەولێر ئیدانە کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئێران بە مووشەکی بالیستی شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی کردووەتە ئامانج و بە هۆیەوە چەند هاووڵاتییەك شەهید بوون، لە نێویشیاندا پێشڕەو دزەیی سەرمایەدار.
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی عێراق ئەو ڕەفتارەی ئێران بە دوژمنکاری بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی خەڵکەکەی و ئاسایشی ناوچەکە دەزانیت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیشیکردەوە لەوەی حکومەت هەموو ڕێکارێکی یاسایی لە دژی هێرشەکەی ئێران دەگرێتەبەر لە نێویشیاندا پێشکەشکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایش.
ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکدەهێنێت لە پێناو کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵویستی حکومەت.