ئەم کەسانە ئەگەر ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلاریان خەرج بکردایە، دوای 476 ساڵ سەروەت و سامانەکەیان تەواو نەدەبوو
ئۆکسفام لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان لە ساڵی 2020ەوە سامانەکانیان دوو هێندە زیادکردووە، لەکاتێکدا 5 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو هەژارتر بوون.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە: “لە ساڵی 2020ەوە پێنج ملیار کەس هەژارتر بوون، لەکاتێکدا پێنج دەوڵەمەندترین کەس بە ڕێژەی 14 ملیۆن دۆلار لە کاتژمێرێکدا سەروەت و سامانی خۆیان بۆ دوو هێندە زیادکردووە”.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، سامانی پێنج دەوڵەمەندی جیهان لە ساڵی 2020ەوە بە ڕێژەی 14% زیادی کردووە و لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە 869 ملیار دۆلار، ئەو پێنج کەسە بریتین لە: ئیلۆن مەسک، بێرنارد ئارنۆڵت، جێف بیزۆس، لاری ئێلسۆن، مارک زوکەربێرگ.
ئەگەر هەر یەک لەو پێنج کەسە ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلاریان خەرج بکردایە، ئەوا لە ماوەی 476 ساڵدا سەروەت و سامانەکەیان (869 ملیار دۆلار) تەواو دەبوو، ئەگەر وا گریمانە بکرێت بڕی سامانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و زیادی نەکات.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ملیاردێرەکانی جیهان بە بڕی 3.3 ترلیۆن دۆلار دەوڵەمەندتر بوون، بەو پێیەی دەوڵەمەندترین 1%ی دانیشتوانی جیهان خاوەنی 43%ی سامانی دارایی جیهانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “قۆرخکارییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی ژیانی کەسانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە کاریگەرییان لەسەر کرێ و کوالیتی خۆراک و ئاسانکاری بەدەستهێنانی دەرمان هەیە”.