نوسەر: عەبدولواحێد محەمەد
زۆربەی بیرمەند و شارەزا و لێزانەکانی تایبەت بە بواری کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتی، هەمیشە جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات بنرێت، دەبێت کاری جددی و لێبڕاوانە لەسەر سێ جومگەی سەرەکی بکرێت، یەکەمیان خێزان، دووەمیان پەروەردە، سێیەمیان دانا و زاناکان، بۆ ئەوە ڕێوشوێنی باش و زانیستیانەیان دیاری کردووە، واتە ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە، خێزان دەبێت لەسەر بنەمای زانستی پێکبهێنرێت و بەرپرسیاریەتی هاوسەنگ لەنێوان هەردوو هاوسەر دابەشبکرێت بۆ ئیدارەدانی خێزان و پەروەردەکردنی مناڵ و ئەوانەی لێیان بەرپرسن.
چونکە دواجار ئەوانە دەبنە ناوکی کۆمەڵگە، بۆ پەروەردەش بەردەوام پێگیر بوونە لەسەر ئەوەی تاوەکو ئەو پڕۆسەیە وەزیفە بنەڕەتیەکەی بە باشی پیادەبکات، دەبێت پێشەنگەکەی واتە مامۆستایان بە باشترین شێواز و بەرزترین ئاست مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، لە ژیاندا دەبێت لە خەم ڕەخساوبن، لە شکۆشدا دەبێت نمرە یەک بن، لە سەربەخۆیی لە ئەداکردنی ئەرکە پەروەردەییەکانیان لە چوارچێوەی ئەو هێلە گشتیانەی لەلایەن دەزگا و دامەزراوە تایبەتمەندەکان داڕێژراوە دەستکراوە بن.
ئەوەی پەیوەستیشە بە دانا و زاناکان، دەبێت لە هەموو ڕووێکەوە بە دەستەبژێر هەژماربکرێن، بۆ هەر سێکتەرێک، دەبێ سەرچاوەی پێدانی مەشورەت و پڕۆژە و پێشنیاربن، ئازادی تەواویان بۆ دەستەبەربکرێت لە بوارە ئەکادیمیەکەی خۆیان، بێجگە لە ژیان و گوزەرانی شایستە، دەبێت ناو و ناوبانگیشیان پارێزراو و بەرجەستەکراو بێت.
بە فۆرمەلەکردنی ئەو سێ جومگەیە، وەکو ئەوەی لەلایەن بیرمەند و شارەزا و لێزانەکاندا ئاماژەیان پێدراوە، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بە سیستەماتیک بەرهەم دێت، ئیتر شاڕێگەی خۆی دەگرێت و بەرەو ئەمان و دواڕۆژێکی مسۆگەر پەل دەهاوێت، ئەوەی لە لای ئێمە بۆتە جێگەی سەرنجدان و خەمێکی قوڵ، ئێستا لە وڵاتەکەی ئێمە ڕێک پێچەوانەی ئەو پێداویستیە بنەڕەتیانەی بۆ ئەو سێ ستوونەی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت و ملدەنێ بەرەو هەورازە خەت.
ئەوەتا خێزان گیرۆدەی چەندین داڕسان(تحدیات)کراوەتەوە، گرانی ژیان کە خەریکە فرزە لەبەر زۆربەیان ببڕێت، فەوزای سۆشیال میدیا کە کەشێکی لەناو ماڵەکان دروستکردووە ، خەریکە کەس کەس نەناسێتەوە، هاوسەرگیری پێشوەختە و بە سوک سەیرکردنی ژنی نەخوێندەوار یان بەکارهێنانی دەستەواژەی ژنی ماڵەوە بە تەنزەوە، ئەمە لەکاتێکدا بە پێی مێژووی کوردەواری، هەمیشە ژن پێگەیەکی گرنگی لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە هەبووە.
بەڵام لەئێستادا بەهۆی ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدا، کەشێک هاتۆتە ئاراوە ڕۆژ نییە دەیان خێزان لەبەر یەک هەڵنەوەشێتەوە، لە پاڵیانەوەش دەیان پەیت و بالۆرەی نابەجێ، سەبارەت بە مامۆستاش کە سەرمەشقی پڕۆسەی پەروەردەن، ئەوەتا بێنازترین توێژی کۆمەڵگەن، لە هەموو ڕووێکەوە کەموکوڕیان هەیە، لە ژیاندا ئەوە دیارە چەند ساڵەکە ئۆخەیان نەکردووە و بەردەوام دەست لەسەر دڵ بووینە، لەبارەی شکۆ و سەروەریەوە لە ئاستێکی زۆر خراپدان، بێجگە لەوەی لێرە و لەوێ چەندین جار توندوتیژیان لەبەرامبەردا بەکارهاتووە، بەردەوامیش ئازاری دەروونی دەدرێن، بە هۆی هەندێ کەناڵی ڕاگەیاندن کە بەردەوام بە بۆنە و بێ بۆنە ناوی مامۆستا دەکەنە سەردێڕی باسوخواس و بەزم و ڕەزمەکانیان، یان بەهۆی هەڵسوکەوتی هەندێک لایەن کە تاقەتی ئەوەیان نییە وشەی مامۆستا ببیستن.
ئەمە لە کاتێکدا یەک بەرپرس نییە بە بن دەستی مامۆستادا نەڕۆشتبێت، لە گەورە گەورەوە تا دەگاتە فەرمانبەری ئاسایی، دانا و زاناکانیش هەرگیز وەکو دەستەبژێر مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە و ناکرێت، ئاشکرایە لەم هەرێمەی ئێمە خەڵکی پسپۆڕ و زۆر شارەزا لە هەموو سکتەرەکان هەیە.
بۆ نمونە ئەم دۆخە ئابووریە سەختەی چەند ساڵێکە پێیەوە دەناڵێنین، ئەویش بەهۆی ئابووری سەربەرخۆوە، دڵنیام ئەگەر پرسوڕا بەو کەسانە بکرابا ڕەنگە کێشەکان ئەگەر هەشبوایە ئەوەندە گەورە و قوڵ نەدەبوون و بەمشێوەیەش درێژەی نەدەکێشا.
مخابن لەبری ئەوانە کەسانێک کراونەتە بەرپرس و هەڵسوڕێنەر کە باوەڕ ناکەم ئەو ئیمکانیەتە پێویستەیان هەبێت، لە بوارە تابیەتی و ئەکادیمیەکەی خۆشیان ئازادی تەواویان بۆ دەستەبەرنەکراوە، بگرە هەندێک جار سانسۆریشیان بۆ مەرامی تایبەت دەخرێتەسەر، سەرەنجام ئەوەتا بە ئاشکرا لێکەوتەکان دەبینین، ڕۆژ نییە باسی دەست بەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر نەکرێت، بە داخەوە هەندێ جار ناوی ناوەندەکانی خوێندنیش تێکەڵاوی ئەو پەتا نەگریسە دەکەن.
ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی مەترسیەکی گەورەیە، ڕۆژیش نییە باسی لێکهەڵوەشانەوەی خێزان و کوشت و بڕ نەکرێت، کە هەندێک ژمارەی مەترسیداریش دەوترێت، بەڕاستی ئەوانە زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، لە دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ئاشوب و بێ سەروبەر، ترسەکەش زیاتر لەوەدایە ئەوە بە مەبەست بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی مێگەل ئاسا بەرهەمبێت کە چۆنیان بوێت وای لێبخوڕن.
ئەگەر نا دەبێت هەرچی زووە کاری جددی لەسەر پیرۆزکردنی خێزان بکرێت، مامۆستایانیش بە سونبول بکرێن بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی باشمان هەبێت، دانا و زاناکانیش بۆ هەر پرسێکی گرنگ بکرێنە سەرچاوەی چارەسەر.