سەرۆکی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند، هیوادارین ئەمساڵ بابەتی مووچە نەبێتە بابەتی میدیایی و هات و نەهات نەبێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بابەتی قوتی خەڵکی کوردستان نەبێتە کارتی سیاسی، بە بۆچوونی ئێمە هەرێم ئیلتزاماتەکانی بەرامبەر بەغدا بەجێ گەیاندوە و دەبێت هاوشێوەی پارێزگاکانی تر مووچەی هەرێم بدرێت، و نابێت بکرێتە کارتی سیاسی و فشار و دڵنیاین سەرۆکوەزیران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە،
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئەم بابەتە ئەجیندای کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نەبووە، بەڵام سودانی جەختیکردۆتەوە لەسەر ئەوەی ئەم خاڵە بخرێتە باسی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و بە سوپاسەوە ئەو بریارە ئەرینییەی لیکەوتۆتەوە.
ئاشكراشی كرد، مانگانە بۆ مووچە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە نزیكەی 875 ملیار دینارە.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی”ئێمە سوپاسی خۆراگری مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین و زۆر خۆراگربوون، هیوادارین ئەم بابەتە بەتەواوی چارەسەربکرێت”.
دەربارەی هێرشە درۆنییەکان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، بابەتی درۆن و هێرشەکان، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، ئێمە بە ڕوونی باسمان کردووە، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و سەروەری هەولێر سەروەری عێراقە و ئەنجامەکەی بۆ ئەموو عێراقە.