دوابەدوای بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، بەڵام خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان بەردەوامە، هاوكات بەشێك لە خوێندنگە و باخچەكان ڕۆژانە هەواڵی دەستپێكردنەوەی خوێندن ڕادەگەیەنن.
باخچەی دڵسۆزی لە سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “دایکان و باوکانی بەڕێزی منداڵانی ھەردوو ژووری (خۆر) و (پەلکەزێڕینە) ئاگاداردەکەینەوە، کە بەیانی ڕۆژی دوو شەممە بەرواری ١٥-١-٢٠٢٤ کاتژمێر (٩:٠٠) ی بەیانی لەگەڵ منداڵەکانتان ئامادەبن”.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك)، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ خۆپیشاندان و بایكۆتی بەرفراوانی مامۆستایان لە سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكە، بەشێك لە خوێندنگەكانی سلێمانی دەرگای خوێندنگەكانیان كردۆتەوە.
خوێندنگەی باستان-ی بنەڕەتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “ئاگاداری قوتابیانی ئازیز دەکەینەوە ، کاتی دەوامی ڕۆژی یەک شەممە 12:30 بۆ ئاگاداریتان… قۆناغەکانی ( ١ و ۲ و ۳ ) دەوام دەکەن بۆ زانیاری بەرێزتان”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “ڕۆژانی یەک شەممە و دوو شەممە دەوام کاتژمێر 12:30 و ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە و پێنج شەممە کاتژمێر 8:00 دەبێت”.
لە هەفتەی ڕابردوودا پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانی سنووری شارباژێڕ دەستی پێكردۆتەوە و لەناو سلێمانیش هەریەكە لە خوێندنگەی (ڕەئوف عەلی ئەفەندی بنەڕەتی، ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ) و چەند خوێندنگەیەكی دیكە دەوامیان دەستپێكردەوە.
هەر بەپێی بەدواداچووونەكان، بەشێكی ئەو خوێندگایانەی دەستیان بە دەوام كردۆتەوە، بەشێكی وانەكان نەخوێندراون و لە بەشێكیشیان پەرتووكی خوێندن دراوە بە خوێندكاران.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هێشتا بایكۆت و خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان بەردەوامە و جەخت لە داواكارییەكانیان دەكەنەوە، كە بریتین لە پێدانی مووچە لە بەغداوە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان و دیاری كردنی چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان.