وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندانانی عێراق كۆبووەوە و گفتوگۆ كرا لەسەر میکانیزمەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی گشتی بۆ ئەمساڵی 2024 ، لە ژێر ڕۆشنایی نرخی نەوت و ئەو داهاتانەی پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەمساڵدا بەدی بهێنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی بڕی هەناردەکراوی نەوت بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان محەمەد عەلی تەمیم سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانتری کرد، کە لە وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت هەروەها تەیف سامی، وەزیری دارایی، و كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و شاندی یاوەری، هەروەها یاریدەدەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە هەردوو وەزارەت و وەزارەتی دارایی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە میانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی گشتی بۆ ئەمساڵی 2024 کرا، لە ڕووی کارگێڕی و وەبەرهێنانی خۆیدا، لە ژێر ڕۆشنایی نرخی نەوت و ئەو داهاتانەی پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ئەمساڵدا بەدەستبهێنرێن”.
وەزیری پلاندانان لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردۆتەوە، “حکومەت حەز دەکات بە زووترین کات ئەو خشتانە لە ماوەی بودجەی ئەمساڵدا تەواو بکات و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردنی”.
وتوشیەتی، “بڕی نەوتمان لەبەرچاو گرتووە، كە هەناردە دەکرێت، بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە و پابەندبوونی عێراق بەرامبەر بەو پشکانەی بەرهەمهێنان، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێك پڵەس-ەوە دیاری کراوە”.
لای خۆیەوە وەزیری نەوت جەختی لە “گرنگی بودجە کردەوە، کە پێویستی بە تەواوکردنی خشتەی خەرجی و داهاتی دارایی هەیە” و وتی، “وەزارەتی نەوت هەوڵی زۆر دەدات بۆ دابینکردنی باشترین هەلومەرج بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و بەدەستهێنانی داهاتی گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی دارایی بودجە”.
هاوكات، تەیف سامی ڕایگەیاندووە، “وەزارەت ئارەزووی بەدەستهێنانی هاوسەنگییە لە بودجە و دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ بەشەکانی حاكیمە و خەرجییە بنەڕەتییەکان، چ لە لایەنی بەكاربردن یان وەبەرهێنانەوە”.
هەروەها، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان، “ئامادەیی هەرێمی بۆ هاوکاری لە بواری هەناردەکردنی نەوت بە پێی ئەوەی لە یاسای بودجە پەسەند کراوە دەربڕی”.