ئایا عێراق جدییە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان؟



بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای چەند گروپیکی نێو حەشدی شەعبی، سەرلەنوێ بابەتی داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لای گروپە شیعەکانی نزیك لە ئێرانی گەرم کردووەتەوە.

ئەمریکا دەڵێت بۆردومانەکان لە کاردانەوەی هێرشی ئەو گروپانە بۆ سەر هێزەکانی لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدات، بەڵام حکومەتی عێراق لە بری کۆنترۆڵکردنی گروپە شیعەکان، هەوڵی جێبەجێکردنی خواستی گروپەکان دەدات و ڕۆژی هەینی ڕابردووش محەمەد سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سووربوونی حکومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دووپاتکردوە.

سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئێستا داعش ڕاستە مەترسی و هەڕەشەیە، بەڵام ئەو توانایەی ٢٠١٤ی نەماوە، وە سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پێشمەرگەش بە بەراورد بە ٢٠١٤ بەهێزترن”.

وتیشی: “هێشتا کەموکوڕی هەیە لە سیستمی ئاسمانی هەیە، بۆیە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی وڵاتانی دەوروبەر تەراتێن دەکەن لە ئاسمانی عێراق، بەڵام لە مەیداندا سوپای عێراق و پێشمەرگە دەتوانن ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، بەڵام بۆ بەردەوام نوێکردنەوەی چەک و پێداویستییەکان دەتوانم بڵێم هێشتا عێراق پێویستی بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە.”
جەبار یاوەر دەڵیت: “بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ڕاوێژکارەکانیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بووە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هاتنیان بۆ عێراق و هاتنی هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان و خودی ئەو ڕێککەوتننامانە”.

ئەوەشی خستەڕوو کە “هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕێککەوتن یاخود داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات تەنها لە ڕێگای حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە نەبێت، هەرێم ناتوانێت بڵێت من ناهێڵم هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێم بکشێننەوە یان بمێننەوە، ئێمە هەرێمێکین لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا. ئەمە بابەتێکی سیادییە و لە دەسەڵاتی عێراقە، هەموو ئەو ڕاوێژکارە سەربازییانە و تیمانەی هاوپەیمانان لە ڕێگای عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم، ئەگەر عێراق ڤیزەیان نەداتێ ناتوانن بێنە هەولێر، یان ئۆتۆمبێل و هاوکاری کە دێتە هەرێمی کوردستان هەمووی لە ڕێگای بەندەری ئوم قەسری عێراقەوە دێن، عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە و یەک پاکێجە، ئەگەر عێراق ڕێککەوت ئەو هێزانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە ئەوا لە هەموو عێراقدا دەکشێنەوە، وەکو ساڵی ٢٠١١”.

وتیشی: “وای بۆ دەچم ئەمریکییەکان بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئەمریکی و هاوپەیمانان بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ عێراق لەدەست نادەن لەبەر کورد، ڕاستە دۆستی کوردیشن، بەڵام دەبێت مێژوو بیر خۆمان بهێنینەوە کە شۆڕشی ئەیلول ئەوان پشتیوانیان بەڵام دواتر بینیمان چۆن پشتیان بەرداین، وە لەسەردەمی ڕیفراندۆم پشتگیرییان نەکردین، لەبەر چاوی ئەمەریکی و هاوپەیمانان حەیدەر عەبادی هێزیان هێنایە سەر کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هەموو ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە بە خوێن ڕزگاری کردن کەچی ئەمریکا پشتیوانی نەکردین و ئەمریکا و هاوپەیمانان سەیرییان دەکردین هەتا عێراق هەموو ناوچەکانیان خستەوە ژێر دەستی خۆیان ئایا هیچییان بۆ کردین ئەو کات؟! لەبەر ئەوە ئێمە با لە خەو و خەیاڵدا نەژین لە واقیعدا بژین، عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ناوچەیەکی ستراتیژی گەورەیە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان، من هەرگیز ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە بەیانی ئەمریکا و هاوپەیمانان پاش بڕیاری عێراق بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە بێن خۆیان بخەنە شەڕی عێراق و بڵێن ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە.”
سەبارەت بەوەی ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانیت لە دەرەوەی خواستی عێراق داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکات، ئەمین بەکر شارەزای بواری یاسا دەڵێت: “عێراق خۆی لایەنە لە هاوپەیمانێتی ڕووبەڕوبونەوەی داعش، بۆیە هەرێم ئەگەر لەو هاوپەیمانێتیەدا هەبێت وەک بەشێک لە عێراق لەو هاوپەیمانێتیەدا هەیە، واتە خۆی کەسایەتی نێودەوڵەتی نییە ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی کە هەرێم نەتوانێت لایەن بێت لەو ڕێککەوتنە، بۆیە هەرێم ناتوانێت پشگیری یان داوای مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات لە ناو هەرێم، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دەرچوونی ئەو هێزانە واژو کرا، من لەگەڵ ئەوەدام کە هەرێم پشت بە خۆی ببەستێت هەم لە ناوخۆی خۆی یەکگرتوو و بەهێز بێت و چاکسازی بکات وە هەم لەگەڵ عێراق کێشەکانی بەپێی دەستور چارەسەر بکات”.

ئەمین بەکر لەو بروایەدایە کە ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا “ئەگەر هەژموونی ئەو هێزە هاوپەیمانانە لە عێراق نەمێنێت ئایا هەمان ئەو عێراقەی ئێستا دەمێنێت، یان لە گۆڕانکاریدایە؟ ئێمە نابێت ئەوە لەبیر بکەین لە ئێستادا ئەو گروپ و خاوەن چەکدارانەی هەن خوازیاری ئەوەن دەوڵەتەوکە ببێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە نەمانی هەژموونی هاوپەیمانی ئەو گروپانە بەرەو هەموواری دەستوری عێراق دەبات، وە ئەگەر عێراقیش توشی گرژی بکات ئەوە بەدڵنیاییە کاتییە، بەڵام دواجار ئەمریکا گرنگی بەوە نادات کە ئەو دەوڵەتی لە عێراق دێتە ئاراوە چۆنە و چیە بەڵکو ئەوەی بۆی گرنگە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، بۆیە فۆڕمی دەوڵەتەکە بۆ ئێمە لەناوخۆدا گرنگە نەک ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان.”

سەرباری گوشاری گروپە شیعەکان، بەڵام نەوزاد موهەندیس چاودێری سیاسی پییوانییە بەم زووانە عێراق دەستبەرداری هاوکاری و پشتیوانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێت و دەڵیت: “ئەو قسانەی سەرۆک وەزیرانیش دەیانکات سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی هێزەکانی عێراق زیاتر بۆ خۆ نمایش کردنە نەک ڕاستی”.

وتیشی: “ئەگەر ئەو هێزانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبوونایە ئەوا داعش دەچووە بەغدا و داگیریان دەکرد، بەڵام ئێستا بە ئاماژەی ئێران ئەم داوایە و فشارە دەکەن، ئەم گروپانەش عێراقی نین و لە بەرژەوەندی عێراقدا نین ئەوەندەی لە خولگەی ئێران و شیعەدان”.

نەوزاد موهەندیس دەڵێت: “عێراق هێندەی پێویستی بە ئەمریکایە لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە نیو هێندە پێویستی بە ئێران نییە، چونکە دەزانین هەتا ئێستاش کە عێراق نەوت دەفرۆشێت دەچەتە ناو بانکی ئەمریکاوە، ئەمریکا بە لوتفی خۆی دۆلارەکە دەگێڕێتەوە بۆ عێراق، ئێستا ئایا عێراق بە جدی دەیەوێت ئەم هەموو بەرژەوەندییە گەورەییە ئابورییە لەبەر چاو نەگرێت و بیەوێت بە نوکە قەڵەمێک هێزەکانی ئەمریکا دەربکات، ئەگەر ئەو فشارانە لەسەر سودانی نەبوونایە ئەو داوایەی هەرگیز نەدەکرد، وە ئەم داواکارییە داواکاری میللی و سەرتاسەری عێراقی نییە، نە کورد نە سوننە و نە پێکهاتەکانی تر ئەو داوایەیان نییە.”

“ئاوی نێو بوتڵە پلاستیکییەکان جێی مەترسییە”
پێت “ئاوی نێو بوتڵە پلاستیکییەکان جێی مەترسییە”
پارێزگاری هەولێر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئیدریسی نانەوا ئاشکرا دەکات
دوات پارێزگاری هەولێر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئیدریسی نانەوا ئاشکرا دەکات
پەیوەنیدر