یەكەم كۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان، كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان تەرخان كراوە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیار درا بە دواخستنی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی پەرلەمانی عێراق (9ی 1ی 2024) كە تایبەت دەبوو بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
ڕاشیگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.
ئەمڕۆ 8ی 1ی 2024 پشووی زستانەی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و سبەینێ دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە و بڕیار بوو لەگەڵ یەكەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانان، سەرۆكی نوێی پەرلەمان لە پێكهاتەی سوننە دیاری بكرێت.
پێشتر، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بوو، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر دۆسیەی “ساختەكردنی نووسراو” ئەندامێتی پەرلەمانی لێ سەندرایەوە و بەوەش لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لادرا.