بەهۆی ناڕەزایی هاووڵاتیان لە كەموكوڕییەكانی سیستمی پریپەیدی كارەبا و ئاستەنگی لە دەستكەوتنی كارتی پڕكردنەوە و كێشە لە ئامێرەكانی پریپەید، لە پارێزگای دهۆك بڕیاری ڕاگرتنی سیستمی پریپەیدی كارەبا درا.
ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك ڕایگەیاندووە، لە وەرزی زستان و هاویندا بارزۆری دەكەوێتە سەر كارەبا و بەهۆیەوە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەم دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی كارەبا هەندێك شوێن و ناوچە كارەباكەیان دەكرێتە سیستمی پریپەید، كە هەم سوودی بۆ هاووڵاتیان هەیە و هەم بۆ حكومەت، هەربۆیە لە ماوەی ڕابردوودا لە بەشێك لە گەڕەكەكان ئەو سیستمە دەستی پێكرد، بەڵام بووە جێگەی ناڕەزایی هاووڵاتیان.
وتیشی، “بەهۆی بوونی هەندێك كەموكوڕی و لەسەر بنەمای پێشنیاری پارێزگاری دهۆك و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری كارەبا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزارەتی كارەبا و نوێنەری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك و قائیمقام كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر گلەیی و ناڕەزایی هاووڵاتیان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەیشتینە ئەو بڕیارەی فراوانكردنی سیستمی پریپەید لە هەموو گەڕەك و ناوچەكانی دهۆك ڕابگیرێت لەم قۆناغەدا تاوەكو ئەو كێشە هونەریانەی بوونەتە هۆی ناڕەزایی هاووڵاتیان چارەسەر دەكرێن.