شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، پرسەکانی تایبەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ دەکرێن.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، شاندێكی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشە داراییەکانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق سه‌ردانی بەغدا دەکات.
بریارە سبەینێ کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەسپێبکات، به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی یاسای نەوت و غاز، ھەمواری یاسایی بودجه و چاره‌نووسی مووچه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
پێشتریش بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان جیاكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه له “ئینفاقی فیعلی” به‌وه‌ش پێویسته یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٤ هه‌مواربكرێته‌وه.
هاوکات پێشتر محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی مامۆستایانی ناڕازیی به‌ڵێنیدابوو كه یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٤ لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕه‌وانه په‌رله‌مانی عێراق بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مواربكرێته‌وه و دڵنیایی بدات لە مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
سەردانەکەی شاندی هەرێم لە کاتێکدایە کە تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ی مانگه‌كانی ١٠، ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ وه‌رنه‌گرتووه، چارەنووسیشی بە نادیاری ماوەتەوە دیارنییە کە دابەشدەکرێت یاخود نا.