فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، میلیشیا چەکدارییەکانی عێراق چەک و جبەخانەی ئێران بەكاردێنن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە بابل مووشەکێکی جۆری کروز دۆزراوەتەوە، کە دروستکراوی ئێرانە و ڕۆژی 3ی ئەم مانگە لەکاتی هەڵداندا شکستیهێناوە.
ڕاشیگەیاندووە، میلیشیا چەکدارییەکانی عێراق چەک و جبەخانەی ئێران بەکاردێنن و هێزەکانی هاوپەیمانان و دانیشتووانی پێدەخەنە مەترسییەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، هاوپەیمانان هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی داهاتوو بەرزدەنرخێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە “واشنتۆن پۆست” لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سێ مانگی ڕابردوودا 115 جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئێوارەی ئەمڕۆ دژەتیرۆری كوردستان بڵاویكردەوە، كە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە بنكەی هەریر.