بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق ئاشكرای دەكات، كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بە مەبەستی كەمكردنەوەی تێچووی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیەكیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی رسوماتی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیان پێكهێناوە.
لیوای مافپەروەر تارق ڕوبێعی، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، بڕیاریانداوە بە پەلە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی كەمكردنەوەی رسوماتی سەر هاووڵاتییان.
ئاشكراشی كردووە، لیژنەكە كاردەكات بۆ كەم كردنەوەی تێچووی تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری تاوەكو بارگرانی سەر هاووڵاتییان كەم ببێتەوە.