دەستوور بریتییە لە کۆمەڵێک بنەمای یاسایی، کە بنچینە سیاسییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە باڵاکان ڕێکدەخات، ماف و ئازادی پێکھاتەکان دیاری دەکات.
پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ وە، کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریان لەو ناوچانە دامەزراند، سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان لە ڕوبەڕوبوونەوەی چەکدارانی داعش و هێرشی بەردەوامی تورکیا، توانیان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی دەستوور پەسەند بکەن، ماف و ئازادی پێکهاتەکان دیاری بکات.
لە کاتێکدا پاش ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی تا ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری خۆی نییە، لە ڕابردوودا پەرلەمانی کوردستان چەندین هەوڵیداوە بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵام تا ئێستا هەر بە پرۆژە ماوەتەوە و نەبووەتە دەستووری هەرێمی کوردستان.
نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان چۆن دەستیپێکرد و بۆچی پەسەند نەکرا؟
ساڵی ٢٠٠٢ پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی ١٠ کەسی لە ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان و شارەزایانی بواری یاسا پێکهێنا بۆ نووسینەوە و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی دەستوور کە لە ٧٨ ماددە پێکهاتبوو.
پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٥ بڕیاریدا پێداچوونەوە بۆ پڕۆژە دەستووری ساڵی ٢٠٠٢ بکات، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی لە ١٨ کەس پێکهێنا، دوای پێداچوونەوەی لیژنەکە پرۆژەیەکی تازەی دەستووری ئامادە کرد کە لە ١٢٢ ماددە پێکهاتبوو.
لە ساڵی ٢٠٠٩ دوو جار ئەم یاسایە هەمورکرایەوە، بە بڕیارە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٩ دەقی پڕۆژە دەستوور ئامادەکرا و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە پەسەند کرا.
دواتر داوا لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرا کە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو لە ٢٠٠٩/٩/٢٥ ئەنجامبدرێت، پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانیش بخرێتە ڕاپرسیەوە، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامدانی ڕاپرسیەکەی ڕەتکردەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ نوسینەوەی دەستوور دەستپێکردەوە، بەڵام نەتوانرا پڕۆژەی دەستوورەکە ئامادەبکرێت و لە هەمانکاتدا پەرلەمان ماوەکەشی درێژ نەکردەوە.
د. شۆڕش حەسەن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و شارەزای دەستوور بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، دەستوور دەسەڵاتەکان ڕێکدەخات و دەیخاتە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ڕێگری لە پێشێلکاری دەکات، هاوکات دەستوور جێگیرە و ناتوانرێت بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندیی تەنها لایەنێک بە ئاسانی دەستکاری بکرێت.
سەبارەت بەو دەستوورەی هەرێمی کوردستان کە ماوەی ١٢ ساڵە نەتوانراوە پەسەندبکرێت ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان دەبوو وەک هەرێمێکی سەربەخۆ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ببوایە بە خاوەنی دەستووری خۆی، چونکە بەپێی ماددەی ١٢٠ ساڵی ٢٠٠٥ ی دەستووری عێراقی هەرێمەکان دەتوانن خاوەنی دەستووری خۆیان بن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئێستا دەسەڵاتی جێبەجێکردن زاڵە بەسەر دەسەڵاتی دادوەری و سنوورەکانی بەزاندووە، وێڕای ئەمانەش دەستوورێک نییە سنوورێک بۆ ئەم زیادەڕۆییانە دابنێت.
وتیشی، دەستوورەکەی هەرێمی کوردستان کە پەسەند نەکرا باسی لە ڕێکخستنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی بە حکومەتی فیدڕاڵی ناوەندییەوە دەکرد، ماف و ئازادییەکانی ڕێکدەخست، دەبوو بە بنەمایەک و دەکرا لە داهاتوودا بەپێی پێویست گۆڕانکاری تێدا بکرێت و ڕاپرسی لەسەر بکرێت، باشتر بوو لەوەی وەک ئێستا دەستوورمان نەبێت.
لەبارەی هۆکاری پەسەند نەکردنەکەی وتی، هۆکاری پەسەندکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان، کە بەهۆیەوە هاووڵاتییان بوونەتە قوربانی.
لە کاتێکدا دەستوور بابەتێکی نیشتیمانییە و دەتوانرێت لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ حوکمەتی ناوەندی زۆربەی کێشەکان یەکلای بکاتەوە لەوانە: سیاسی، ئابووری، مێژووی، کۆمەڵایەتی و جوگرافی.
دەستوور دەتوانێت گرفتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات؟
سەبارەت بە قەیرانە داراییەکانی هەرێم و گرنگی دەستوور ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستوور حکومەتی ناوەند بەرپرسە لە مووچە و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان، هەر بۆیە پێنەدانی مووچە بە هاووڵاتییان پێشێلکاری دەستوورییە و حکومەتی فیدراڵی دەبێت لەسەری بێتە دەنگ و لەگەڵ حکومەتی هەرێم یەکلای بکاتەوە، چونکە ناکرێت هاووڵاتییانی عێراق جیاکاریان بەرامبەر بکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم وتی، ماددەی ١٤ی دەستوور بنەمای یەکسانی بۆ نەتەوەکان داناوە، بۆیە ناکرێت هاووڵاتییانی هەرێم لە ساڵێکدا دوو بۆ سێ مووچە کەمتر وەربگرن بەرامبەر هاوتاکانیان لە شارەکانی دیکەی عێراق، هاوکات جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خانەنشیانی هەرێم و شارەکانی دیکە هەیە و بە دوو یاسای جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بە گشتی یاسا لە عێراق سەروەر نییە.
ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی ” گرێبەستی” کۆمەڵایەتییەوە پێگەی خۆی بەهێز دەکات؟
ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە توانیویەتی پێگەی خۆی بەهێز بکات و سیستمی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابمەزرێنن کە حەوت هەرێم لە خۆدەگرێت.
لەبەرئەوەی دەسەڵاتێکی حوکمڕانی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە و چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز پێکەوە دەژین، پێویستە دەستوور و یاسا هەبیت کە ڕێکیبخات، هەر بۆیە لە ١٣ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ گرێبەستی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ١٣٤ ماددە پێکاتووە لەسەر بنەمای دیموکراسی و یەکسانی بۆ گەلانی ناوچەکە پەسەندکرا.
لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداری هاووڵاتییان لە بڕیاردانی سیاسی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دامەزراوە، هاوکات ژنان بە ڕێژەی ٪٥٠ لە دامودەزگاکانی حکومەت بەشدارییان دەبێت، هەموو پێکهاتەیەک بۆی هەیە ئەنجومەنی خۆی هەبێت و بڕیار لە بەرژەوەندییەکانی بدات.
د.جاویدان کەمال حەسەن، نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەستکەوتێکی گەورەیە کە پاش ١٠ ساڵ لە شەڕ، قەیران و هێرشەکان، توانرا بە هاوکاری هەموو گەلانی ئەوێ دابمەزرێنرێت.
بۆچی گرێبەستی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناوی ” ڕۆژئاوای کوردستان” نییە؟
سەبارەت بەوەی بۆچی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکە بە ناوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوەیە، د.شۆڕش حەسەن وتی، لەوێ چەندین ئاین، گەل و نەتەوەی جیاواز پێکەوە دەژین، ئەگەر بەرگری لە مافی یەکدی نەکەن ئەوا ناتوانن بەیەکەوە بژین، بەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تەنها داوای مافی کورد یان نەتەوەیەک ناکات، بەڵکو دڵنیایی لە ماف و ئازادی سەرجەم گەل و نەتەوە و زمانەکان دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستووردا نابێت ناوی هیچ نەتەوەیەک زەق بکرێتەوە و دەبێت مافی هەمووی دەستەبەربکات، بۆئەوەی هەست بە جیاوزی نەکەن، هاووڵاتی کە زانی وڵاتەکەی لە خزمەتیدایە و جیاوازی ناکات ئەویش ئامادەیە بەرگری لێبکات و بیپارێزێت.
هاوکات د. جاویدان حەسەن وتی، ئەم گرێبەستی کۆمەڵایەتییە مافەکانی گەلی کورد و پڕۆسەی ئاشتی بە تەواوی بەدەستدەهێنێت، ئەگەر بەتەنها بوترێت ڕۆژئاوای کوردستان لە دواتردا کێشەی دیکەمان بۆ دروست دەکات، بۆ نموونە دەوڵەتێکی وەک تورکیا دەڵێت خۆبەڕێوەبەرییەکە دەیەوێت لە سووریا جیاببنەوە، دواتر ڕژێمی سووریا بەرەنگاری سیستمەکە دەبێتەوە و ناتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک.
وتیشی، لە داهاتوودا کە سووریا بەرەو گۆڕان ڕۆشت، ئەم گرێبەستی کۆمەڵایەتییە شایانی گۆڕان دەبێت، چونکە قەیرانەکان دەبێت هەنگاو بە هەنگاو چارەسەربکرێن، هەموو شتیک بەیەکەوە بەدی نایەت.
د. جاویدان حەسەن باسی لەوەشکرد، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆبەڕێوەبەرییەک هەیە کە هەموو گەلانی تێدایە کورد، عەرەب، سریان، ئاشوور و تورکمان، ئاینەکانی ئیسلام، مەسیح و ئێزیدی پێکەوە دایانمەزراندووە.
ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەستکەوتێکە بۆ گەلی کورد، چونکە دەستپێشخەرییەکیان ئەنجامداوە، لەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییەدا مافی کورد لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و جوگرافی دیاریکراوە و پارێزراوە.
هاوکات سەبارەت بە هەرێمی کوردستان د. شۆڕش حەسەن ئەوەی خستەڕوو، تا ئێستا وەک پێویست مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە دابین نەکراوە، هەمیشە بە هەستی نەتەوەیەتی باسی شتەکان دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر کەرکووک بەو شێوەیەی ڕۆژئاوا بەڕێوەببرایە ئێستا دۆخەکە بەم شێوەیە نەدەبوو و پێکهاتەکان دەیانتوانی بە ئاشتی پێکەوە بژین.
بە چ شێوازێک چارەنووسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکلای دەبێتەوە؟
گرێبەستی کۆمەڵایەتی هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد و داهاتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکلای دەکاتەوە و ڕێگە دەدات هەرێمەکان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداری بکەن لە دیاریکردنی چارەنووسی سووریا.
هاوکات د. جاویدان حەسەن وتی، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک دەبێت هەردوو لایەن ئامادەبن بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردن، تا بگەنە ڕێککەوتن، ئێستا ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیارە کە چیمان دەوێت، بەڵام ڕژێمی سووریا بە هەمان شێوە دەبێت ئامادەی خۆی نیشانبدات.
باسی لەوەشکرد، ئەمە دەستوور نییە بەڵکو پێی دەوترێت “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”، چونکە دەستوور بۆ حکومەتێکە کە ٪١٠٠ جیگیرکرابێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوبێت، بەڵام ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە وەک ڕێککەوتنێکە لە نێوان سەرجەم گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ نموونە پێشتر بە چاوی دوژمنایەتی سەیری کورد دەکرا، بەڵام ئێستا ئەمە گۆڕاوە و گەلانی ناوچەکە بە ئاشتی پێکەوە دەژین، پێش دامەزراندنی خۆ بەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کوردەکان بێ ناسنامە بوون، تەنانەت ناوی کوردی قەدەغەبوو بەپێی یاسا کە تۆماربکرێت.
وتیشی، ئێستا ڕەوشەکە بە شێوەیەک گۆڕاوە کە کورد پڕۆسەی دیموکراسی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادەمەزرێنێت، هاوکات ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە لە داهاتوودا دەتوانێت چارەنووسی کورد بەرەو باشتر ببات تا بتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خۆیان بسەلێمنن و دانیانپێدابنریت.