حکومەتی عیراق سێ بڕیاری دەربارەی ڕێکخستنەوەی کارەکانی کەرتی بانکیی پەسەند کرد و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و تێیدا بڕیار درا گرێبەستێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست وینگ بکرێت، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە چوێنیتی داڕشتنەوەی پێکهاتەی هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید و پێشنیازکردنی نەخشەڕێیەك بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی شەش مانگدا.
بڕیاردرا بانکی پیشەسازیی گرێبەست لەگەڵ هەمان کۆمپانیا بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆکردنەوەی بانکەکانی پیشەسازی، عەقاری و کشتوکاڵی لە یەك بانکدا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیادرا کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانیی گرێبەستێك لەگەڵ کۆمپانیای ئارنست وینگ بکات بۆ چۆنێتی یەکخستنی هەردوو کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانیی و کۆمپانیای دڵنیایی عێراقی و دەستنیشانکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی.