حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایدهگهیهنێت، بۆ نەهێشتنی رۆتین و کارئاسانیی مامەڵەی هاووڵاتییان، سیستەمی یەکپەنجەرە گەیشتووەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەک کاری پێ دەکرێت.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووه، وەکو یەکەم بەڕێوەبەرایەتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستمان بە جێبەجێکردنی سیستەمی یەکپەنجەرە بۆ ڕایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کردووە، ئەوەش بەرەنجامی کارنامەی کابینەی نۆیەمە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین بۆ کاروباری هاووڵاتییان.”
زارا ئەحمەد، هاووڵاتییەکی ئیدارەکەیە و وتی، “سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە، کارەکانمان زوو بەڕێ دەکەن و کارئاسانییان کردووە، نیو کاتژمێری پێناچێت، بەڕێمان دەکەن”.
لە رێگەی سیستەمی یەکپەنجەرەوە، مامەڵەکار تەنیا مامەڵە لەگەڵ یەک پەنجەرە و یەک فەرمانبەر دەکات و دوای ماوەیەکی کەم مامەڵەکەی تەواو دەکرێت و ئاگادار دەکرێتەوە.
یەکێک لە بنەماکانی کارگێڕییەکی باش، نەبوونی رۆتین و قورسنەکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانە لە دامودەزگای میری، بۆ ئەم مەبەستەش کابینەی نۆیەم سیستەمی یەکپەنجەرە بۆ ڕێکخستنی هۆڵەکانی پێشوازی و مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ دەکات. (ههروهك فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئاماژهی پێكردووه).