هێزەکانی سوریای دیموکرات ژمارەی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا و ژمارەی قوربانییەکانیان و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانیانەوە ئەنجام دراون ئاشکراکرد.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ژمارەی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا و ژمارەی قوربانییەکانیان و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانیانەوە ئەنجام دراون لە چوارچێوەی “وەڵامدانەوەی شەرعی”دا بۆ ئەو هێرشانە ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، تورکیا ٧٩٨ جار ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردوەتە ئامانج کە ٥٧٨ جار بە چەکی قورس، ١٠٣ جار بە فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خۆکوژی، ٢٥ جار بە چەکی ئاسایی و دوو جاریش بە مین و تەقەمەنی هێرشەکان ئەنجامدراون.
لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکان، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ١٤٣ ئۆپەراسیۆنی دژ بە تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزی تورکیا وەڵامی داوەتەوە و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بوونەتە هۆی کوشتنی٢٣٧ کەس کە ٥٢ سەربازی تورکیایان تێدابووە، ئەوانی تریش لە میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزی تورکیا بوون، جگە لە برینداربوونی ٢٩٥ کەس و لەنێویاندا ٩١ سەربازی تورکیا، هەروەها تێکشکاندنی دەیان ئۆتۆمبێل و شوێنی سەربازی.
لە ئامارەکانیدا هەسەدە رایگەیاندووە، ناوچەکانیان لەلایەن شانەکانی ڕژێمی سوریاوە هێرشیان کراوەتە سەر، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە هێزە سەربازییەکان بووەتە هۆی ئەوەی ١٧٣ شەڕەڤان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی تورکیا و شانەکانی ڕژێمی سوریا شەهیدببن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لەماوەی ئەمساڵدا ٣٩ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە ١١ یان منداڵن، هاوکات ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە ٩٨ کەس کە ١٥یان سەربازن.