مەسرور بارزانی: سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دەكەم



سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و دەشڵێت: سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دەكەم.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ساڵی نوێ‌ لە خەڵكی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و کەسییەکان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.

دەقی پەیامەكە:

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان بێت.

سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێکی سەختی داراییمان بەڕێکرد. هیوادارین لە ساڵی نوێوە، کۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆرەکانی دەکرێت و کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەک مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق،مانگانە مووچەکانیان بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ کێشە سیاسییەکان وەربگرن.

داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و کەسییەکان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کار بکەن.

جێی خۆشحاڵییە کە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری ، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجام بدەین. هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی كرد.

هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی و کاولکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بێت بەگشتی و ئاشتی و ئارامی جێگیر بێت و ساڵی دەستکەوت و گەشەپێدان و بووژانەوەی گشتگیریی کوردستان بێت.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/12/31

دۆلار کۆتا نرخی خۆی لەمساڵدا تۆمارکرد
پێت دۆلار کۆتا نرخی خۆی لەمساڵدا تۆمارکرد
عێراق 10 هەزار كەسی دامەزراند و هەرێمیش دەگرێتەوە
دوات عێراق 10 هەزار كەسی دامەزراند و هەرێمیش دەگرێتەوە
پەیوەنیدر