دوێنێ شەممە، نوێنەری فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سودانی بەڵێنی داوە كێشەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
نوێنەری فەرمانبەران و مامۆستایان یاداشتێكیان پێشكەش بە سەرۆك وەزیران كرد، كە لە چەندین داواكاری وەك “گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر عێراق و مووچەكانیان لە سەر بانكی عێراقی وەربگرن لەگەڵ كردنەوەی لقی بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم و دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژەكان”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی ڕاگەیاند، “ئێمە وەک نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە، داواکاری ڕەوا و خراپی دۆخی مامۆستایان و وانەبێژان، فەرمانبەران و خانەنشینانمان بۆ ڕوونکردەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە کۆبوونەوەکەدا داوامانکرد چارەسەری کێشەی دواکەوتنی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان یەکلایی بکاتەوە تاوەکو دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی خوێندکاران بکرێتەوە، هاوکات مووچە بە نیشتیمانی بکرێت و بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا و لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی خانەنشینان هاوتای عێراق بکرێت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک شارەکانی دیکەی عێراق سودمەندببن لە سیستمی بانکی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی حکومەتی عێراق”.
ئەوەشیان خستەڕوو، “محەمەد شیاع سودانی دڵنیای کردینەوە داوکارییەکانمان ڕەوان و بەپێی خشتەیەکی زەمەنی جێبەجێی دەکات و هەر لەوێدا شەش بڕیاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرکرد”.
بڕیارەکانی محەمەد شیاع سودانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم بریتین لە: یەکەم، بۆ ساڵی نوێ کێشەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەکات، دووەم، هەمواری یاسای بودجەی گشتی لە حکومەت ئامادەیە و ٩ ی کانوونی دووەم لە پەرلەمان دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا هەموار دەکرێتەوە، سێیەم، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکان دەکات، چوارەم، لقی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، پێنجەم، فشار دەکاتە سەر حکومەتی هەرێم بۆ پلەبەرزکردنەوە دامەزراندنی وانەبێژان، شەشەم، جیاوازی نرخی سووتەمەنی و بەشەخۆراکی هاووڵاتییان لە نێوان پارێزگاکاندا نامێنێت.
هاوکات نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دووپاتیان کردەوە، پاش جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەرگای خوێندن بەڕووی خوێندکاران دەکرێتەوە، میکانیزمی خوێندنیش بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی فەوتاوی خوێندن پێویستە لەلایەن حکومەت بڕیاری لەسەر بدرێت کە بەرپرسیاری ئەم دۆخەی ئێستایە.