بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا دەڵێت” لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان شانازییەكی ترتان لەمێژوودا نووسییەوە”.
بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە ، تییدا پیرۆزبایی لە کوردانی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات و بە سەرکەوتنێکی گەورە ئەنجامی پرۆسەکەی ناوبرد.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی
کوردستانیانی خۆشەویست لە کەرکووك، خانەقین، مەندەلی، مەخموور ،دەشتی نەینەوا، شەنگال و دووزخورماتوو، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنتان لێدەكەم و شانازی بەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەتانەوە دەكەم كە لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نیشانتاندا و شانازییەكی ترتان لەمێژوودا نووسییەوە.
دووپاتكردنەوەی كوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنراوەكان و هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك نوێنەری راستەقینەی خۆتان، وانەیەكی مێژووییە و لەبیری ناكەین. ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفاداربین و بارتەقای خۆڕاگریتان، خزمەتتان بكەین. ئەوەی سەرۆك مام جەلال بۆ كەركووكی كرد لە خزمەتكردن و قووڵكردنەوەی تەبایی و پێكەوەژیان، درێژەی پێدەدەین و بەشوێنپێی ئەودا هەنگاو دەنێنین.
سوپاسی تایبەتی دەنگدەرانمان دەكەین لە هاونیشتمانیان و سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانیتر كە “هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە” یان هەڵبژارد، دڵنیاتان دەكەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین. هەروەها هەوڵ و شەونخونی كادرانمان بەرزدەنرخێنین لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و پێزانینیان ئاڕاستە دەكەم.
دەبێت قۆناغی نوێی كاركردنمان، هەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵكردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەكە، دەست بە چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالەوە بگرین و رێز لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرین، پێکەوە لەگەڵ برا عەرەبەکانمان بە شیعەو سونە، برا تورکمان و هەموو نەتەوە و پێکهاتە رەسەنەکانی تر کاربکەین بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر کە خەڵكە خۆشەویستەكەمان چاوەڕێی خزمەتی زیاتر و ژیانێكی شایستەترمان لێدەكەن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە درێغی نەکەین و لەخزمەتیاندابین.
پێکەوە بەرەو خزمەتی زیاتر و سەرکەوتنی گەورەتر.
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان