قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، زیادبوونی خواست لەسەر غازی ماڵان لەم وەرزی سەرمایەدا هۆکاری گرانبوونی نرخەکەیەتی، هاوکات ئەو بەشە غازەی بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرێت کەمە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، “زیادبوونی خواست لەسەر غازی ماڵان هۆکاری گرانبوونی نرخەکەیەتی، هاوکات ئەو بڕەی بۆمان دەنێرن کەمە و بەشمان ناکات، چونکە ئێمە ڕۆژانە پێویستمان بە زیاتر ٤٠٠ تۆنە، بەڵام ٢٠٠ بۆ ٢٨٠ تۆن غازی شل بەدەستمان دەگات”.
لەکاتێکدا کە چەند ڕۆژێکە نرخی غازی ماڵان لە هەولێر بەرزبووەتەوە، نەبەز عەبدولحەمید وتی: “کەم بوونی ئەو ڕێژەیە وایکردووە غازی ماڵان گران بێت، هەر کە ڕێژەی غاز زیادکرا کە بتوانێت پێداویستی هاووڵاتییان پڕبکاتەوە بێگومان نرخەکەی دادەبەزێت”.